گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

نوێترین زانیاری لەبارەی دروستکردنی هێزی هاوبەش بۆ ڕێگری لە قاچاخچێتیی دەروازەکان

2021.01.31 - 13:12
App store icon Play store icon Play store icon
نوێترین زانیاری لەبارەی دروستکردنی هێزی هاوبەش بۆ ڕێگری لە قاچاخچێتیی دەروازەکان

 ناس کورد-

لەماوەی ڕابردوودا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بڕیاریدا بە دروستکردنی هێزێکی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخچێتیی خاڵە سنورییەکان، دوو سەرچاوەی باڵاش لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێن، تەنها پێشنیاز بووە و تائێستا هیچ هەنگاوێک لەوبارەیەوە نەنراوە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان (7ى کانوونى دوەمى 2021) ڕایگەیاند، "بە ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە کە هێزێکی تایبەت و هاوبەش پێکبهێنن، بۆ ڕێگەکرتن لە هەر پێشێلکاری و سەرپێچی و کارێکی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان". 

 

 

لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی پێشمەرگە (یەکشەممە 31ی کانوونی دووەمی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ئەو پرسە تەنها پێشنیازێک بووە و تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ نەنراوە بۆ دروستکردنی هێزە هاوبەشەکە."

 

هەر لەسەر هەمان بابەت، بەرپرسێکی باڵای پێشمەرگە کە نەیویست ناوی ئاشكرابکرێت بە "ناس کورد"ی وت، "ئەو پرسە تەنها لە ئەنجومەنی وەزیران باسکراوە و وەزیری پێشمەرگە و وەزیری ناوخۆ ئاگاداریین، هەر لەوبارەیەشەوە کۆبوونەوەیەکیان کردووە، بەڵام ئاگاداری ناوەڕۆکەکەی نیین.

 

جەختیشیکردەوە، "جگە لەو پێشنیاز و گفتوگۆیانەی کە باسم کرد، تاوەکو ئێستا نوسراوێک یاخود بڕیارێک لەوبارەیەوە نەهاتووەتە وەزارەتی پێشمەرگە و هیچ شتێک لەبارەی وردەکارییەکەیەوە دیارنییە."

 

پرسی قاچاخچێتی و کاری نایاسایی لە خاڵە سنورییەکان یەکێکە لەو پرسانەی ماوەیەکە زۆر بە بەربڵاوی باس دەکرێت و داوای ڕێگریکردنی لێدەکرێت.

 

هەر لەو چوارچێوەیەدا و لەماوەی ڕابردوودا، چەند بەرپرسێکی سنوری گەرمیان بەتۆمەتی ساختەکاری و کاری قاچاخچێتی دەستگیرکراون.