گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ئه‌نجامى كارى لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ سڕكرا

پاش سێ ساڵ ئه‌نجامى چاكسازییه‌كه‌ى مه‌سعود بارزانى ڕانه‌گه‌یەندراوە

2019.05.26 - 21:23
پاش سێ ساڵ ئه‌نجامى چاكسازییه‌كه‌ى مه‌سعود بارزانى ڕانه‌گه‌یەندراوە
ناس کورد- وریا حسێن پاش سێ ساڵ له‌ ڕاگه‌یاندنى پڕۆژه‌ چاكسازییه‌كه‌ى مه‌سعود بارزانى، بۆ چاکسازى لە حکومەت و ناوخۆى پارتى، ده‌رئه‌نجامه‌كانى پرۆسه‌كه‌ هێشتا دیار نین، به ‌وته‌ى كه‌سێكى ئاگادار له‌ كه‌یسەکە‌ "ئه‌نجامه‌كانى سڕ كراون". . ڕۆژى 1ى شوباتى 2016 مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى پێشوى هه‌رێمى كوردستان، چه‌ند لیژنه‌یه‌كى چاكسازى له‌ ئاستى (حیزبى و حكومى) دروستكرد بۆ چاكسازى له‌ حكومه‌ت و ناوخۆى پارتى. . به‌گوێره‌ى زانیارییه‌ بڵاوكراوه‌كان بارزانى بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ زیاتر له‌ 100 ڕاپۆرتى له ‌ناوخۆى حیزبه‌كه‌ى و ده‌ره‌وه‌ى حیزبه‌كه‌ى خراوه‌ته‌ به‌رده‌ست، كه‌ وه‌ک مه‌له‌فى گه‌نده‌ڵى بۆى نێردرراوه‌ تا بدرێت به‌ لیژنه ‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و لێكۆڵێنه‌وه‌ بكه‌ن، له‌ ده‌رئه‌نجامدا پاش لێكۆڵینه‌وه‌كان راپۆرتێك دراوه‌ته‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ كاركردن به‌ ئه‌نجامه‌كانى. . حاكم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى هه‌رێمى كوردستان كه‌ خۆى یه‌كێك بووه‌ له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌ى چاكسازى بارزانى ئه‌وه‌ى بۆ ناس كورد ڕونكرده‌وه،‌ سێ لیژنه‌ لێكۆڵێنه‌وه‌یان له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ ده‌كرد ئه‌وانیش تایبه‌تبوون به‌ (پێشمه‌رگه‌، زیاده‌ڕۆیى، كه‌رتى ته‌ندروستى)، لیژنه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و زیاده‌ڕۆیى ئه‌نجامى كاره‌كانیان ئاڕاسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم كردووه‌ته‌وه،‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستییه‌وه‌ هه‌بوو پێنج كه‌یس ئاڕاسته‌ى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى كراون، وتیشی: "كه‌یسه‌كان تا ئێستاش له‌ژێر لێكۆلێنه‌وه‌دان". . سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى ئەوەشى ئاشکرا کرد: "به‌شێكى ئه‌نجامه‌كانى كارى لیژنه‌كه‌ پێشنیاربوو كه‌ چى بكرێت له‌باره‌ى پرسه‌كانه‌وه،‌ ئه‌وه‌ى من بزانم هه‌ندێك گۆڕانكارى كراوه‌ به‌ڵام نازانم چه‌ندى جێبه‌جێكراوه‌، تا ئێستاش ئه‌و كه‌یسانه‌ى لاى ئێمه‌ن له‌ژێر قۆناغى لێكۆڵینه‌وه‌دان و كه‌سه‌كان نه‌دراون به‌ دادگا، ئه‌نجامى كه‌یسه‌كانیش له‌سه‌ر شانى دادوه‌ره‌كانه‌ به‌و پێه‌ی ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ى پێویستى هه‌بوو له‌سه‌ر تاوانه‌كه‌یان ئه‌وا دادگایى ده‌كرێن ئه‌گه‌ر نا دۆسیه‌كانیان داده‌خرێت". . 13ى نیسانى 2016 یه‌كێك له‌و كه‌یسانه‌ى لیژنه‌ى چاكسازى بارزانى ده‌ستنیشانى كردبوون كه‌یسى چه‌كى به‌ڵێنده‌ران بوو، بۆیه‌ له‌سه‌ر داواى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى هه‌رێم سه‌رۆكى بانكى ناوه‌ندى هه‌رێم و جێگره‌كه‌ى ده‌ستگیركران، به‌ڵام پاش چه‌ند مانگێك له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ به‌بێ ڕونكردنه‌وه‌ى پێویست ئازاد كران. .   هاوكاتى لیژنه‌كانى دیكه‌ى پڕۆژه‌ چاكسازییه‌كه‌ى مه‌سعود بارزانى له‌ ئاستى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئه‌نجامێكى ڕونى به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌دا، ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانتارێكى خولى پێشوى په‌رله‌مانیش كه‌ چاودێرى كارى لیژنه‌كه‌ى كردووه‌ پێى وایه‌ "ئه‌نجامه‌كانى كارى لیژنه‌كه‌ سڕكراوه‌". . دلێر ماوه‌تى سه‌رۆكى لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌وه‌ى بۆ ناس كورد باسكرد، ئه‌و كاته‌ى لیژنه‌ى چاكسازى پێكهات لێكۆڵینه‌وه‌ى زۆریان له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌ر و پله‌داره‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ كرد، وتى: "پێموابێت ئه‌ولیژنه‌یه‌ى دانرابو به‌باشى كاریانكرد و دواتریش هه‌ندێك ئیجرائاتى بچوك كرا، به‌ڵام له‌ئاست گه‌وره‌یى تاوانه‌كه‌ى شه‌نگال نه‌بوو". . دلێر ماوه‌تى كه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێ په‌رله‌مانتاره‌كانى له‌ لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ چاودێرى لێپێچینه‌وه‌كانیان كردووه‌، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌كرد، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم سه‌ره‌تا پێیان وابوو كارى لیژنه‌كه‌ جدییه‌ چونكه‌ نوێنه‌رى لایه‌نه‌كانى تێدابوو، به‌ڵام دواتر نەیانزانى بۆ چى لێپێچینه‌وه‌ى پێویست نه‌كراوە، وتیشى: "وه‌ك ئه‌نجامى هه‌مو لیژنه‌كان، ئه‌نجامه‌كان سڕ كران چونكه‌ وتویان كاتى شه‌ڕه‌ و ناتوانین ئیجرائات بكه‌ین، به‌ڵام خۆ ئێستا شه‌ڕ ته‌واو بووه".     . سه‌ربارى جه‌ختكردنه‌وه‌ى مه‌سعود بارزانى له‌وه‌ى ده‌بێت "ئه‌نجامه‌كان بۆ ڕاى گشتى ئاشكرابكرێت، به‌ڵام ئه‌نجامێكى كۆكراوه‌ بۆ ڕێكخستن و میدیای پارتى نه‌ نێردراوه‌". . سه‌لام عه‌بدوڵا به‌رپرسى مه‌كته‌بى ڕاگه‌یاندنى پارتى دیموكراتى كوردستان ئه‌وه‌ى بۆ ناس كورد ڕونكرده‌وه‌، ئەوان وه‌ك تیمى ڕاگه‌یاندنى فه‌رمى پارتى ئه‌وه‌ى له‌باره‌ى ئه‌و پرسه‌وه‌ بۆیان نێردرابێت بڵاویان كردووه‌ته‌وه،‌ ئه‌وى دیكه‌ى په‌یوه‌ست بووه‌ به‌كارى لیژنه‌كانه‌وه‌، ئاماژەى بەوەکرد: "ئه‌نجامى كۆكراوه‌ى كارى لیژنه‌كانمان پێ نه‌گه‌شتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بڵاوى بكه‌ینه‌وه". . هاوكات عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى  ئه‌و پرسه‌ى به‌ كۆن وه‌سفكرد، وتى "ئه‌وه‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌ناوخۆى پارتییه‌وه‌ په‌یوه‌ندى به‌ده‌ره‌وه‌ نییه‌ پێویست ناكات ئاشكراى بكه‌ین".   . عەتا شێخ حەسەن ئاماژەى بەوەشکرد: "ئه‌وله‌ویه‌تى كابینه‌ى نۆ پرسى چاكسازى ده‌بێت، ئه‌و پرسه‌ش له‌لای سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسیه‌كان خه‌مڵیوه".   . به‌گویره‌ى زانیاریه‌كانى ناس كورد، چاكسازییه‌كانى بارزانى بێ ئاسته‌نگ نه‌بوون له‌ئاستى باڵا ئاسته‌نگیان بۆ دروستبووه‌، به‌جۆرێك "یه‌كێك له‌ئه‌ندامه‌كانى لیژنه‌ چاكسازییه‌كه‌ هه‌ڵهاتوه‌". . سیروان زه‌هاوى كه‌ سه‌رۆكى لیژنه‌ى به‌گژاچونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى بوو له‌بوارى ده‌رمان و تەندروستى له‌ لیژنه‌ى چاكسازى بارزانى له‌كۆتا پۆستى خۆیدا له‌ ساڵى 2016 ئاماژه‌ به‌نامه‌یه‌كى باوكى ده‌كات وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردووه‌ و باوكى داواى ئه‌وه‌ى لێكردوه‌ واز له‌و كاره‌ بهێنێت، بۆیه‌ دواى ئه‌و به‌رواره‌ كوردستانى به‌جێهێشت له‌كه‌نه‌دا مافى په‌نابه‌رێتى وه‌رگرت. . .