گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

زولقەرنەین لە ترەمپ هەڵدەگەڕێتەوە و شایەتى لە دژى دەدات

2021.01.30 - 22:00
App store icon Play store icon Play store icon
زولقەرنەین لە ترەمپ هەڵدەگەڕێتەوە و شایەتى لە دژى دەدات

ناس کورد- 

جاکوب چانسلى کە بە "زولقەرنەین" واتا "خاوەنى دوو قۆچەکە" ناسراوە و یەکێکە لەو کەسە دیارانەى هەڵیانکوتایە سەر بارەگاى کاپیتۆڵ لە شارى واشنتۆن و دواتر دەستگیر کرا، لە ترەمپ توڕەیە و دەیەوێت لە دژى شایەتى بدات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

چانسلى لەکاتى هەڵکوتانە سەر تەلارى کاپیتۆڵ فەرویەکى بەسەرەوە بوو کە دوو قۆچى پێوەبوو، لەئێستادا لە گرتوخانەیە و "ئەلبێرت واتکینز"ى پارێزەرى دەڵێت، چانسلى کە خۆى بە "عەرافى کیو ئانۆن" ناساندووە و هەست بەوە دەکات کە ترەمپ ناپاکى بەرامبەرى کردووە، بەهۆى ئەوەى بڕیارى لێخۆشبوونى بۆ ئەو و ئەوانەى بەهۆى هەڵکوتانە سەر تەلارى کاپیتۆڵ دەستگیر کراون دەرنەکرد.

 

ڕونیشیکردووەتەوە، دەیەوێت قسە لەسەر ئەوە بکات کە ئایا ئەو قسەکانى ترەمپ بەوە تێگەیشتووە کە بانگهێشت بووە بۆ ئەوەى بەیەکەوە بچنە سەر تەلارەکە و شەڕ بکەن یاخود نا، ئەو ترەمپى زۆر خۆشدەویت و پێى وابوو کە بە هەڵکوتانە سەر تەلارەکە فەرمانى ترەمپ جێبەجێ دەکات.

 

بڕیارە ڕۆژى 2021/2/8 دادگایى کردنى ترەمپ لە ئەنجومەنى پیرانى ئەمریکا دەستپێبکات و شارەزایان پێیان وایە، شایەتیدانى کەسێکى وەک چانسلى کە پێى وایە فەرمانى ترامپى جێبەجێ کردوە یەکلاکەرەوە بێت کە ئایا ترامپ تاوانى ئەنجامداوە و هانى خەڵکى داوە ئەو کارە بکەن یاخود نا.

 

لاى خۆیەوە لیندسى گراهام، سیناتۆرى کۆماریەکان کە پشتگیرى ترەمپ دەکات، بەتەواوەتى ئەو بیرۆکەیە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، "ناتوانم بیر لەو ڕێگەیە باشتر بکەمەوە بۆ ئەوەى دادگایى کردنى ترەمپ بگۆڕێت بە سێرک، ئەویش بانگهێشتکردنى عەرافێکى کیو ئانۆنە بۆ ئەوەى شایەتى بدات."

 

بەڵام پارێزەرەکەى چانسلى پێى وایە، شایەتیدانى ناوبراو گرنگە و پێویستە گوێ لە دەنگى ئەو و کەسانى ترى وەک ئەو بگیردرێت و باوەڕیان پێ بکرێت.

 

بزوتنەوەى کیو ئانۆن "QAnon" لەساڵى 2017ەو دروستکراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبووەوە، ئەوەش بە پاڵپشتى سوپایەکى ئەلکترۆنى، بزوتنەوەکە لە دەرەوەى ئەمریکا بەتایبەتى لە ئەوروپا و ئوسترالیاش بڵاوبووەوە، کە بریتییە لە پێکهاتەیەکى نادیار کە پاڵپشتى دۆناڵد ترەمپ دەکەن و پڕوپاگەندە بۆ بیردۆزى پلانگێڕى دەکەن و لایەنگرانى ڕاستە توندڕەوەکانن و پێیان وایە "دەوڵەتى قوڵ" چەندین دەیەیە کۆنترۆڵى ئەمریکاى کردوە.

 

بەپێى بیردۆزەکە، "دەوڵەتى قوڵ" لەلایەن خێزانى کلینتۆن و باراک ئۆباما و ڕۆچێل و وەبەرهێنەرە بەناوبانگەکانى وەک جۆرج سوروس و چەندین ئەستێرەى دیارى هۆڵیود و کەسە دیارەکانى ئەمریکاوە بەڕێوە دەبرێت.