گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئامانجی ئەمجارەی شاندی هەرێم

ئامانجی ئەمجارەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ئاشکراکرا

2021.01.30 - 17:01
App store icon Play store icon Play store icon
ئامانجی ئەمجارەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ئاشکراکرا

ناس کورد-

بڕیاره‌ سبه‌ینێ شاندی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی قوباد تاڵه‌بانی سه‌ردانی به‌غدا بكات و دوایین کۆبوونەوەکانی تایبەت بە پشکی هەرێم لە بودجە ئەنجامبدەن، وتەبێژی قوباد تاڵەبانیش ئامانجی سەردانی ئەمجارەی شاندەکە ئاشکرادەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سه‌میر هه‌ورامی، وته‌بێژی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان (شەممە 30ی کانوونی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، بڕیاره‌ سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ شاندی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكی شاندی دانوستانكار به‌ره‌و به‌غدا به‌ڕێبكه‌وێت .

 

وتیشی، سه‌ردانی ئه‌مجاره‌ی شاندی باڵای حكومه‌تی هه‌رێم بۆ گفتوگۆكردنه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دارایی پەرلەمانی عێراق و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و فراكسیۆنه‌كانی نێو پەرلەمانی عیراق، بۆ چه‌سپاندنی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ شایسته‌ داراییه‌كان له‌ بودجه‌ی گشتی 2021ی عیراق، كه‌ بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا پرۆژه‌یاساكه‌ له‌ پەرلەمانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و حكومه‌تی عیراقیش پرۆژه‌یاساكه‌ بخاته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌.

 

هەر ئەمڕۆ شەممە، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لەبەیاننامەیەكی كورتدا (30 كانونی دووەمی 2021) رایگەیاند كە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، محەمەد حەلبوسی سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی كردووە لەبارەی بودجەی 2021، بەبێ ئەوەی وردەكاریی زیاتر ئاشكرا بكات.

 

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" (30ی کانونی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان لەبارەی دوایین ئەنجامەکانی جێگیرکردنی پشکەکەى لە پرۆژەیاسای بودجە چاوەڕوانی وەڵامی لایەنە شیعییەکان دەکات و بۆ ئەوەش تا ئێستا داواکاری ئەوان یەکلایی نەکراوەتەوە." 

 

دەشڵێت، "داوای ڕادەستکردنی کۆی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت و حکومەتی هەرێمیش ئەوەى ڕەت کردووەتەوە و دەڵێت تەنها پابەندی ئەوە دەبێت کە لە پڕۆژەیاساکەدا هەیە کە ئەوەش ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە." 

 

باسی لەوەشکرد، "چاوەڕوان دەکرێت لە یەک دوو ڕۆژی داهاتوو بەفەرمی هەڵوێستی لایەنە شیعەکان لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا ئاشکرا بکرێت." 

 

لەبارەی دەنگدانی کۆتایی لە سەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق کە ئێستا لە پەرلەمانی عێراقە، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق وتی، "تائێستا وادەیەکی دیاریکراو نییە بۆ دەنگدانی کۆتایی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق".