ناس كورد-
لەوەڵامى چاوەڕوانیەکەى ئێراندا بۆ گەڕانەوەى ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، ئەمەریکا ژمارەیەک لەفڕۆکەى بى 52 ڕەوانەى کەنداو دەکات و دەشڵێت، ئەوە بۆ ڕێگریکردنە لەهەر جۆرە جموجۆڵێکى نەیارەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەڕاگەیەنراوێکى هێزى ئاسمانى ئەمەریکدا کە" ناس کورد " بەدواداچوونى بۆ کردووە (28ى کانوونى دووەمى 2021) ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، ڕەوانەکردنى ئەو فڕۆکانە هیچ دەرفەتێک بۆ گومان ناهێڵێتەوە کە مەبەست لێى پابەندبوونى ئەمەریکایە بە بەڵێنەکانى خۆى بۆ پاراستنى ئاسایش و ڕێگریکردن لەهەر جۆرە دوژمنکارییەک.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، فڕۆکەکان لەبنکەى داکۆتاى باکورەوە ڕەوانە دەکرێن و بۆ ماوەى 36 کاتژمێر بەسەر ناوچەکانى کەنداودا دەفڕن پێش ئەوەى بگەڕێنەوە و ئامانجیش ناردنى پەیامێکى ڕێگرکردنە لەپیشاندانى هەر جموجۆڵێک و هەروەها گەیاندنى هێزە لەکەمترین ماوەدا.
پەیامى ڕەوانەکردنى فڕۆکەکان لەدواى چەند ڕۆژێک بەسەر دەستبەکاربوونى جۆ بایدن دێت لەسەرۆکایەتى ئەمەریکا و ئێرانیش گرەوى لەسەر ویلایەتى نوێى ئەمەریکا دەکرد کە سەرۆکەکەى گۆڕانکارى لەسیاسەتەکانیدا بکات و بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە.
لاى خۆشیەوە ئەنتۆنى بلێنکن وەزیرى نوێى دەرەوەى ئەمەریکا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە ناگەڕێتەوە تاوەکو ئێران پابەندنى تەواوى مەرجەکان نەبێت و لەو هەنگاوانەى کە ناویەتى پاشگەزنەبێتەوە.