گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

پێشبینى شارەزایەکى تورکى بۆ تێکچوونى پەیوەندییەکانى ئەمەریکا و تورکیا 

2021.01.27 - 23:21
App store icon Play store icon Play store icon
پێشبینى شارەزایەکى تورکى بۆ تێکچوونى پەیوەندییەکانى ئەمەریکا و تورکیا 

ناس کورد- 

مامۆستایەکى زانکۆى ئەنقەرە پێى وایە، ئەگەرى هەیە لە سەردەمى ئیدارەى جۆ بایدن سەرۆکى نوێى ئەمەریکادا کێشەکانى نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە قوڵتر ببنەوە، ئەوەش بەچەند هۆکارێک لەوانەش، فڕۆکەکانى F-35 و سيستمى بەرگرى ڕوسى  S-400.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ڕەسوڵ یاڵچین مامۆستاى زانستە سیاسیەکان لە زانکۆى زانستى کۆمەڵایەتى لە ئەنقەرە لە دیدارێکدا سەبارەت بە ئاسۆى باشبونى پەیوەندیەکانى نێوان ئەنقەرە و واشنتن لەسەردەمى بایدندا باسى لەوەکردوە، ئەمەریکا و تورکیا کە لە کۆنترین هاوپەیمانەکانى ناتۆن بەتەواوەتى پەیوەندییەکانیان پچڕاوە و ئاشکرا نییە ئەو پەیوەندیانە باش دەبنەوە یاخود نا.

 

یاڵچین لە دیدارەکەدا ئەوەشى وتوە، پێموایە ئیدارەى نوێى ئەمریکا بەدواى ڕێگەیەکدا دەگەڕێت بۆ باشکردنەوەى پەیوەندیەکانى لەگەڵ تورکیا، بەڵام بابەتى ڕادەستکردنى فڕۆکەکانى F-35 بەردەوام دەبێت و ئەگەر چارەسەر نەکرێت زیان بە پەیوەندیەکان دەگەیەنێت.

 

ڕۆژنامەى "ئۆراسیا ئێکسپرێس" کە وتەکانى یاڵچینى بڵاوکردوەتەوە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەى بەوەداوە، هەروەک پێشبینى دەکرا ئیدارەى ترامپ بەهۆى کڕینى سیستمى بەرگرى موشەکى S-400ى ڕوسیەوە سزاى بەسەر تورکیادا سەپاند و بەهۆى ئەوەشەوە هەڵوێستى سلبى تورکیا بەرامبەر ئەمریکا زیاد بوو.

 

ڕونیشکراوەتەوە، قورسە کاریگەرى ئەو سزایانە لەسەر ڕاى گشتى تورکیا لاببرێت، لەماوەى ڕابردوشدا 4 حزبى سەرەکى تورکیا بەیاننامەیەکى هاوبەشیان لەسەر ئەو سزایانە دەرکرد، ئەوەش دەریخست کە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەسەر وەڵامدانەوەى واشنتن کۆکن.

 

ڕۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشداوە، ئیدارەى جۆ بایدن دەتوانێت کاریگەرى سزاکان لەسەر ڕاى گشتى تورکیا سنوردار بکات ئەگەر پەلە بکات لە گرتنەبەرى ڕێوشوێن، بەڵام وا دەردەکەوێت ئەندامانى کۆنگرێس ئامادەن ڕێوشوێن دژى تورکیا بگرنەبەر، بۆیە ئەگەرى هەیە لە ساڵانى داهاتودا سزاى نوێ بەسەر ئەنقەرەدا بسەپێرنرێت.

 

ڕۆژنامەکە ئەوەشى نەشاردوەتەوە، تورکیا بە تێکەڵەیەک لە ترس و گەشبینیەوە سەیرى ئیدارەى بایدن دەکات، چونکە دەرفەتى هەیە پەیوەندیەکان زیندوو بکاتەوە کە لەئێستادا لە خاڵى سفردایە، هەروەها پێى وایە بایدن زیاتر ئیجابییە و ڕێچکەى گفتوگۆى ڕوون و ئاشکرا دەگرێتە بەر بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەردوو وڵات.