گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

ڕونکردنەوەیەکی نوێ لەبارەی کەمکردنەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار 

2021.01.27 - 23:14
App store icon Play store icon Play store icon
ڕونکردنەوەیەکی نوێ لەبارەی کەمکردنەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار 

ناس کورد-

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران باس لە دابەزینی نرخی دۆلار دەکات بەرانبەر دیناری عێراقی و رایگەیاند "ئەو نرخەی دیاریکراوە جێگیرە".

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (27ی کانونی دووەمی 2021) لە دوای کۆبوونەوەی لیژنەکەیان لەبارەی نرخی دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی ڕایگەیاند، نرخی دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی وەک خۆیەتی و هەمان ئەو نرخەیە کە دیاریکراوە ئەویش یەک دۆلار بەرانبەر 1450 دینارە واتا 100 $ بەرانبەر دەبێت بە 145 هەزار دیناری عێراقی.

 

باسی لەوەشکرد، ئەو نرخە لەلایەن وەزارەتی دارایی و بانکی مەرکەزییەوە دیاریکراوە و بە پێشنیاری پەرلەمان یاخود واژۆی پەرلەمانتاران ناگۆڕدرێت.

 

پێشتر لە یاداشتێكدا 113 ئەندامی پەرلەمانی عێراق داوایانکرد  نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراق لە بودجەدا کەمبکرێتەوە و یاداشتەكە كە شەممەی ڕابردوو (23 كانونی دووەمی 2021) بۆ سەرۆکى پەرلەمانی عێراق نێردراوە و وێنەیەکی لای "ناس كورد" پارێزراوە، لەلایەن عەممار توعمەی سەرۆكی لیستی حیزبی فەزیلەوە ئیمزای بۆ كۆكراوەتەوە ئەو پەرلەمانتارانە داوا دەکەن نرخی یەک دۆلار لە پڕۆژە یاسای بودجەدا کەم بکرێتەوە بۆ هەزار و 300 دینار، واتە هەر 100 دۆلارێک ببێتە 130 هەزار دینار.  

 

ڕۆژی 16ى کانونى دووەمى 2021، پەرلەمانی عێراق دوا هەڵوێستى خۆی لەسەر نرخى دۆلار بەرامبەر دینار ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، دیاریکردنی نرخەکان تایبەتمەندیی حکومەتە و پەرلەمان ناتوانێت ئەو کارە بکات.    

  

هاوکات جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە "ناس کورد"ی وت، "دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی کۆتایی هاتووە و ناتوانرێت دەستکاری بکرێت". 

  

  جەمال کۆچەر وتیشی، لەبەر سێ هۆکاری سەرەکیی کۆتایی هاتووە؛  

یەکەم: لیژنەی دارایی بە هەموو ئەندامانی لەگەڵ ئەو نرخە نوێیەن.  

 

دووەم: بودجەی عێراق لەسەر بنەمای ئەو نرخە دانراوە، ئەگەر گۆڕانکاریی تێیدا بکرێت، لانیکەم 15 ترلیۆن دیناری دیکە لەسەر کورتهێنانی بودجە زیاتر دەبێت.  

 

سێیەم: هەموو داهاتی عێراق بەپێی ئەو ژمارە و نرخە حیساب کراوە، ئەوسا کورتهێنان بووەتە نزیکەی 71 تریلیۆن دینار لە پرۆژە یاسای بوجەدا، بۆیە هەموو ئەو بارگرانییە جارێکی دیکە بۆ سەرشانی حکومەت دەگەڕێتەوە.