گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

بارزانى لەبارەى فیلمە ئێرانییەکە هاتە دەنگ

2021.01.27 - 22:55
App store icon Play store icon Play store icon
بارزانى لەبارەى فیلمە ئێرانییەکە هاتە دەنگ

ناس کورد-

مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان لەبارەى بڵاوکردنەوەى فیلمێکى ئێرانى لەبارەى شەڕى داعش هاتە دەنگ و لە پەیامێکدا رایگەیاند "ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلی كوردستان تێكشكا".

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

بارزانى (27ى کانوونى دووەمى 2021) لەپەیامێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژە بەوە کراوە، كاتی خۆی لە شەڕی داعشدا ئێمە سوپاسی هاوپەیمانان و ئەمەریكامان كرد كە یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان داوە. سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەشمان كرد كە بە جۆرێك بەشداربوونە لە شەڕی داعش و یارمەتیی پێشمەرگەیان داوە.

 

بارزانى لە پەیامەکەیدا جەخت دەکاتەوە "پێویستە هەموو لایەك ئەوە بزانن كە ئەوەی لەسەر ئەرزی واقعدا بە خوێن و قوربانیدانی خۆی، كوردستانی لە هەڕەشەی داعش پاراست، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو".

 

پەیامەکە وەک وەڵامێکە بۆ بەرهەمهێنانى فیلمێکى ئێرانى لەبارەى شەڕى داعش و هاوکارییەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران و قاسم سولەیمانى بۆ سەرکردایەتى کوردستان لە روبەڕوبونەوەى داعش، کە بڵاوبوونەوەى فیلمەکە کاردانەوەیەکى زۆرى لێکەوتەوە.

 

 

دەقى پەیامەکەى مەسعود بارزانى:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

ماوەیەكە لە هەندێ ناوەندی ئیعلامی و سیاسی باسی شەڕی داعش دەكرێت. لێرەدا ڕاستییەك هەیە ناكرێ چاوپۆشی لێ بكرێ، داعش دیاردەیەكە كە دوژمنی سەرجەم مرۆڤایەتییە و، شەڕكردن لەگەڵ داعش شەڕێكی ئاسان نییە چونكە بەرەیەكی بەرفراوان و هەمەلایەنە و، لایەنێكیش بە تەنیا ناتوانێ داعش تێكبشكێنێت. ڕیشەكێشكردنی داعش هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەموو لایەك و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە.

 

كاتی خۆی لە شەڕی داعشدا ئێمە سوپاسی هاوپەیمانان و ئەمەریكامان كرد كە یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان داوە. سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەشمان كرد كە بە جۆرێك بەشداربوونە لە شەڕی داعش و یارمەتیی پێشمەرگەیان داوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەموو لایەك ئەوە بزانن كە ئەوەی لەسەر ئەرزی واقعدا بە خوێن و قوربانیدانی خۆی، كوردستانی لە هەڕەشەی داعش پاراست، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو. هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەو حەقیقەتە بشارێتەوە كە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلی كوردستان تێكشكا.

مسعود بارزانی

٢٧ـی كانوونی دووەمی ٢٠٢١