گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

کێشەیەکى نوێ لەدانوستانەکانى هەرێم و بەغدا ئاشکراکرا

2021.01.26 - 15:59
App store icon Play store icon Play store icon
کێشەیەکى نوێ لەدانوستانەکانى هەرێم و بەغدا ئاشکراکرا

ناس کورد-

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لایەنە عێراقییەکان داواى داهاتى 250 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێم دەکەن،  بەو نرخەى کە سۆمۆ دەیفرۆشێت، ئەوەش مەترسییە بۆ سەر هەرێم.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

هۆشیار عەبدوڵا لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (26ی کانونی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، دیدی لایەنە عێراقییەکان دیاریکراو نییە لەبارەی پشکی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجەدا، ئەوەی هەیە و  ئاماژەیەکی ڕوونە ئەوەیە داوای داهاتى 250 هەزار بەرمیل نەوت دەکەن بەو نرخەی کۆمپانیای سۆمۆ دەیفرۆشێت.

 

وتیشى "ئەگەر کار بەوە بکرێت مەترسییەکی زۆر گەورەیە بۆ سەر هەرێم، چونکە هەرێم نەوت بە هەرزانتر دەفرۆشێت لە حکومەتی عێراق و جگە لەوەش تێچووی گواستنەوەی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک نزیکەی 10 دۆلارەو بەوەش ناتوانێت نرخی نەوت بەو نرخەی سۆمۆ بفرۆشێت".

 

هۆشیار عەبدوڵا پێیوایە، دەبوو هەرێمی کوردستان ڕاشکاوانەتر قسەی لەسەر پرسی نەوت بکردایەو داوای هاوکاری بکردایە لەو هەڵانەی کە کراوە.

 

"ئەوەی تا ئیستا هەیە گفتوگۆیەو چاوەرواندەکرێت لە هەفتەی داهاتوو قسە لەسەر دەقێکی جێگیر بکرێت، بەڵام ئەوەی دەبینرێت حکومەتی هەرێم ڕەنگە بیەوێت بەهانەیەک بدات بە دەستەوەو پابەندی پرۆژە یاساکە نەبێت، بەوەش ڕەنگە بەهەمان شێوەی ئیستا بمێنیتەوەو بەهەرێم بڵێن خۆت نەوت بفرۆشەو مووچە بدە، ئەوەش مەترسیدارە"، هۆشیار عەبدوڵا وادەڵێت.

 

ماوەى دوو رۆژە شاندى هەرێم لەبەغدایە بۆ ئەنجامدانى دوایین گفتوگۆکان لەبارەى پشکى هەرێم لە بودجەى 2021ى عێراق لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمان، پێش ئەوەى لەپەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە.  

 

فەیسەل عیساوی، ئەندامی لیژنەی دارایی ( 26ی کانوونی دووەمی 2021) لە لێدوانێکی تایبەتدا بە" ناس کورد"ی ڕاگەیاند "گفتوگۆکانی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی پەرلەمان بەردەوامە، لە دووڕۆژی ڕابردوودا تەنها تێڕوانیین بۆ ئەوداتا وژمارانە کراون کە شاندەکە پێشکەشی بە لیژنەکە کردووە".  

  

وتیشی "تائێستا هەردوولا نەچوونەتە ناو ناوەڕۆکی بابەتەکەوە، پێشبینی دەکەین لەڕۆژانی داهاتوودا زیاتر پرسەکە بۆهەردوولا ڕوونتربێتەوە".  

  

عیساوی کەهاوکات ئەندامی لیژنەی گفتۆگۆی نێوان بەغدا و هەولێر کە لەلایەن پەرلەمانەوە پێکهێنراوە باسى لەوەشکرد "کەشی دانوستانەکان تاڕادەیەکی باش ئەرێنییە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا ئاستەنگی زۆرمان لە بەردەمدایە، بۆیە پێویستیمان بەکاتی زیاترهەیە".  

  

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختیلەوەشکردەوە "پشکی هەرێم لەبودجەی 2021دا هەروەک خۆی دەمێنێتەوە کە 12.67% گۆڕانکاری بەسەردا نایەت".  

  

وتیشی "بۆئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت پشکی تەواوی خۆی بەپێ ڕێژەی دانیشتوانەکەی لە بودجەی ساڵی 2021دا وەربگرێت، دەبێت هەموو داهاتەکانی ڕەوانەی خەزینەی حکومەتی فیدڕاڵی بکات، بەشێوەیەکی ڕوون و شەفاف".