گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

پۆستی پارێزگاری هەولێر یەکلایی دەکرێتەوە

2021.01.26 - 15:43
App store icon Play store icon Play store icon
پۆستی پارێزگاری هەولێر یەکلایی دەکرێتەوە

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح  

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پێشبینیشدەکات لە ڕۆژانی داهاتوودا پرسی دانانى پارێزگارێک بۆ شارەکە یەکلایی بکرێتەوە و پارتى کەسێک بۆ پۆستەکە کاندید بکات.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

زیاتر لە دوو مانگە پۆستى پارێزگارى هەولێر بە چۆڵى ماوەتەوە، دواى کۆچى دوایی فرسەت سۆفی پارێزگار شارەکە لە (18 تشرینی دووەمی 2020) بەهۆى توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا.

 

کەنعان خێلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر (26ی کانوونی دووەمی 2021) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ"ناس کورد" ڕایگەیاند "خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستەکە بە دوو ڕێگا دەکرێت، یەکێکیان یاساییە و بەهەموو هاوڵاتییەکی هەولێر و ئەندامانی ئەنجومەن دەدرێت خۆیان کاندید بکەن، دووەمیشیان دیاریکردنی پارێزگارە لەلایەن پارتی یەوە بەو پێیەى  پشکی ئەو حزبەیە".

 

وتیشی "لە ئێستادا چاوەڕێی سەرکردایەتی پارتی دەکەین بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ وەرگرتنی پۆستەکە، پێشبینی دەکەین لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە".

 

تا ئێستا بەفەرمى پارتى هیچ کاندیدێکى بۆ پۆستى پارێزگار دیارینەکردووە، بەڵام لەدواى کۆچى دوایی فرسەت سۆفییەوە، هێمن قادر جێگری پارێزگار بە وەکالەت پۆستەکە بەڕێوەدەبات کە بەپێی یاسا تا سێ مانگ دەتوانرێت بەو شێوەیە پۆستەکە بەڕێوەببرێت.

 

خێڵانی وتى "ئەو ناوانەی کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاودەکرێتەوە گوایە بەربژێرن بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر دوورن لە ڕاستییەوە هیچ کامیان فەرمی نیین".

 

جەختیشیکردەوە "لەبەرئەوەى هەولێر پایتەختە و شارێکی گەورەیە، دەبێت بەوردییەوە ئەو بابەتە یەکلایی بکرێتەوە ئەوەش ئەرکی سەرکردایەتی پارتی و سەرۆکایەتی حکومەتە". 

 

بڕیاربوو دواى چلەى فرسەت سۆفى دەستبکرێت بە رێکارەکانى دیاریکردنى پارێزگارى نوێى هەولێر، بەڵام تا ئێستا دەست بە رێکارەکان نەکراوە.

 

عەلى رەشید سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر (23ی کانوونی یەکەمی 2020) رایگەیاندبوو، ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتیی ھەرێم و پارتی کاندید بۆ پۆستى پارێزگارى شارەکە دیاریدەکەن وهەر کاندیدێک پارتى پشتیوانى نەکات سەرناکەوێت.