گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

’هەڕەشە’ لە ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى دەکرێت

2021.01.26 - 14:19
App store icon Play store icon Play store icon
’هەڕەشە’ لە ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى دەکرێت

ناس کورد-

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى رایگەیاند، لەسەر بەدواداچوون بۆ مۆڵەتى زەوییەک، هەڕەشە لە ئەندامێکى ئەنجومەنەکە کراوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

سەرچاوەکە کە داوایکرد ناوى نەهێنرێت (26ى کانوونى دووەمى 2021) بە "ناس کورد"ى راگەیاند، لەرێگەى پەیوەندى تەلەفۆنییەوە هەڕەشەى کوشتن لە "رەمەزان نامیق" ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى کراوە، بەهۆى بەدواداچوون بۆ مۆڵەتى پارچەیەک زەوى لە هوانە.

 

پارچە زەوییەکە کە بەهایەکى زۆرى هەیە دەکەوێتە ناوچەى هوانە لە تەنیشتى عەلوەى سەوزە و میوە و دەستەى وەبەرهێنان لە مانگى 8ى ساڵى 2020ەوە مۆڵەتیداوە بە وەبەرهێنەرێک بۆ دروستکردنى کۆگا.  

 

سەرچاوەکە رونیکردەوە، بەئەندامەکەى ئەنجومەن وتراوە کە ئەگەر پڕۆژەکە شکستبهێنێت، وازى لێناهێنن هەموو کارێک دەکەن بەرانبەرى.

 

ناس کورد پەیوەندى بە رەمەزان نامیقەوە کرد و تەنها ئەوەندەى وت کە بەپێی بەدواداچونەکانى ئەوان مۆڵەتى ئەو پرۆژەیە بۆ دروستکردنى کۆگا بووە نەک بۆ دروستکردنى عەلوە.

 

ڕەمەزان نامیق دوو رۆژ لەمەوبەر بە "ناس کورد" ى راگەیاندبوو، ئەو پرۆژەیە هەموو ڕێکارێکى بڕیوە و مۆڵەتەکەى بەناوى "کۆمەڵگەى گەنجینەى ئاسایى و ساردکەرەوەى سەوزە و میوەى سلێمانى" وەرگرتووە، واتا وەک کۆگا نەک وەک عەلوە بەکارى بهێنێت.  

  

وتیىشى، ئەم پرۆژەیەش لە تەنیشتى عەلوەى سەوزە و میوەى هوانەوەیە و چەند سەد مەترێکیان لەنێواندایە، لە ڕووى ژینگەییەوە گونجاو نییە دوو عەلوە بەتەنیشت یەکەوە بن، مۆڵەتەکەى بۆ گەنجینەیە و ئێستا هاتوە خۆى تەفسیرێکى بۆ خۆى داناوە و دەڵێت بۆ دروستکردنى عەلوە وەریگرتووە، تەنانەت یەکەکان و ساردکەرەوەکانیشى فرۆشتووە.  

  

ڕەمەزان نامیق دەڵێت، بەشێکى لایەنە بەرپرسەکانیان بانگکردوە و بەشێکیشیان بە نوسراو وەڵامیان داونەتەوە و دەڵێن کە بۆ گەنجینە مۆڵەتیان داوە پێى "تەنانەت شارەوانى دەڵێت ئێمە بۆ عەلوە زەویمان بۆ تەرخان نەکردوە، وەبەرهێنان دەڵێت نابێت بۆ عەلوە بێت، کشتوکاڵى سلێمانى کە کۆڵەکەى سەرەکى ئەم بابەتەیە ڕاوسەرنجى وەرنەگیراوە و ئەویش ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت نابێت دوو عەلوە بەتەنیشت یەکەوە بن".  

  

جەختیشیکردەوە، نوسراویان بۆ چەند لایەنێکى ترى پەیوەندیدار کردوە و چاوەڕێن وەڵام بدەنەوە، هەرکاتێک وەڵامى سەرجەم فەرمانگەکانیان وەرگرتەوە ڕێکارى پێویست دەگرینە بەر و ئامادەن بیدەنە داواکارى گشتى.  

  

سەبارەت بەوەى کە بۆچى کۆمپانیاکە کارێکى لەو شێوەیە دەکات، رەمەزان نامیق وتى "ئێمە نازانین چۆن کراوە و کێى لە پشتە، بەڵام ئێمە سەرپەرشتیارى پرۆژەکەمان بانگ کردوە و دەڵێت ئێمە نیازى دروستکردنى عەلوەمان هەیە، بۆیە ئێمەش ڕێکارى خۆمان دەگرینە بەر، تائێستاش کاسبکارانى ناو عەلوەى هوانە چەندین جار خۆپیشاندانیان کردوە و سەردانى ئەنجومەن و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردوە و ناڕازین ئەو پرۆژەیە بکرێت بە عەلوە، هیچ فەرمانگەیەکیش پشتگیرى ناکات".