گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’کەشى دانوستانەکان ئیجابییە’

لیژنەى دارایی: گۆڕانکاریی لە پشکى هەرێم ناکرێت

2021.01.26 - 13:54
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەى دارایی: گۆڕانکاریی لە پشکى هەرێم ناکرێت

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کەشی دانوستانەکانیان لەگەڵ شاندى هەرێم ئیجابییە سەرەڕاى بوونى ئاستەنگی زۆر و پشکى هەرێم لە بودجە وەکو خۆى دەمێنێتەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

فەیسەل عیساوی، ئەندامی لیژنەی دارایی ( 26ی کانوونی دووەمی 2021) لە لێدوانێکی تایبەتدا بە" ناس کورد"ی ڕاگەیاند "گفتوگۆکانی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی پەرلەمان بەردەوامە، لە دووڕۆژی ڕابردوودا تەنها تێڕوانیین بۆ ئەوداتا وژمارانە کراون کە شاندەکە پێشکەشی بە لیژنەکە کردووە".

 

وتیشی "تائێستا هەردوولا نەچوونەتە ناو ناوەڕۆکی بابەتەکەوە، پێشبینی دەکەین لەڕۆژانی داهاتوودا زیاتر پرسەکە بۆهەردوولا ڕوونتربێتەوە".

 

عیساوی کەهاوکات ئەندامی لیژنەی گفتۆگۆی نێوان بەغدا و هەولێر کە لەلایەن پەرلەمانەوە پێکهێنراوە باسى لەوەشکرد "کەشی دانوستانەکان تاڕادەیەکی باش ئەرێنییە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا ئاستەنگی زۆرمان لە بەردەمدایە، بۆیە پێویستیمان بەکاتی زیاترهەیە".

 

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختیلەوەشکردەوە "پشکی هەرێم لەبودجەی 2021دا هەروەک خۆی دەمێنێتەوە کە 12.67% گۆڕانکاری بەسەردا نایەت".

 

وتیشی "بۆئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت پشکی تەواوی خۆی بەپێ ڕێژەی دانیشتوانەکەی لە بودجەی ساڵی 2021دا وەربگرێت، دەبێت هەموو داهاتەکانی ڕەوانەی خەزینەی حکومەتی فیدڕاڵی بکات، بەشێوەیەکی ڕوون و شەفاف".

 

دوێنێ یەکشەممە شاندى هەرێم گەیشتە بەغدا و لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى دوایین گفتوگۆکان لەبارەى پشکى هەرێم لە بودجە پێش ئەوەى لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە.

 

خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی شەرقییە کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (25ی کانونی دووەمی 2021) وتی "شاندی هەرێم لەگەڵ لیژنەی دارایی و بەشێک لە بەرپرسانی حکومی تاوتوێی بابەتی پڕۆژەیاسای بودجەی کردووە، گفتوگۆکانمان لەبارەى بودجە هەردوو بواری هونەری و سیاسیش دەگرێتەوە."

 

وتیشى "هەندێک لە بەرپرسانی بەغدا تێبینی و پرسیاریان هەبوو لەبارەى داهاتی بەدەستهاتووی هەرێم و قەبارەى خەرجییەکان و داوایان کردووە ڕوونکردنەوە بدەین"، بەڵام شوانی ڕەتی کردەوە کە "ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم یەک ملیۆن و 230 هەزار بێت وەک ئەوەی دەوترێت." 

 

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا ڕوونیکردەوە کە "ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی هەرێم لە 750 هەزار کەس تێپەڕ ناکات، ئەوەی تر خانەنشینان و دەستبەری کۆمەڵایەتی و کەسوکاری شەهیدانن" و دەڵێت، "12%ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان موچە و هاوکاری وەردەگرن."

 

وتیشی "ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان 10%ی ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق تێپەڕناکات".