ناس کورد-
ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا لەیەکەم لێدوانی فەرمیدا لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە ڕایگەیاند، هاوکاری ئەو وڵاتە دەکات لێپرسینەوە لە هەر کەسێک بکات کە هێرش دەکاتە سەر خاکەکەی و بەرژەوەندییەکانی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا (دووشەممە، 25ی کانوونی دووەمی 2021) سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ڕیازی پایتەختی سعودییەی کرد و ڕایگەیاند "لە ئێستادا زانیاری کۆدەکەینەوه، بەڵام ئەوەی ڕوویدا پێدەچێت هەوڵێک بووبێت بۆ بە ئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی".
ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەو جۆرە هێرشانە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هەوڵەکان بۆ سەرخستنی ئاشتی و سەقامگیری تێکدەدات".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەشی خستووەتەڕوو "یارمەتی هاوکارە سعودیەکەمان دەدەین بۆ بەرگریکردن لە هێرشەکانی سەر خاکەکەی و لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە هەوڵی تێکدان و لاوازکردنی سەقامگیرییەکەی دەدەن".
جەختیشیکردووەتەوە "هەروەها لە ڕێگەی دبلۆماسییەوە کار دەکەین بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا، بەتایبەت بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لە یەمەن".