گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شاندى هەرێم لەبەغدایە

فارس عیسا: پشکى هەرێم لە لیژنەى دارایی تێپەڕێت لە پەرلەمانیش پەسەند دەکرێت

2021.01.24 - 22:06
App store icon Play store icon Play store icon
فارس عیسا: پشکى هەرێم لە لیژنەى دارایی تێپەڕێت لە پەرلەمانیش پەسەند دەکرێت

ناس کورد-

شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئێوارەى ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا بۆ گرەنتى تیپەڕاندنى پشکى هەرێم لەبودجە لەلایەن پەرلەمانەوە، نوێنەرى حکومەتى هەرێمیش لەبەغدا دەڵێت پشکەکە لە لیژنەى دارایی تێپەرێت لە پەرلەمانیش پەسەند دەکرێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

شاندەکە لەلایەن وەزیری داراییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و ئەندامەکانی لە ھەریەک لە وەزیری پلاندانان و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری بەغدا و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەر‌ێمی کوردستان پێکھاتووە.

 

شاندی هەرێم لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆکردن لەسەر جێگیرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی ٢٠٢١ لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە.

 

فارس عیسا نوێنەرى حکومەتى هەرێم لەبەغدا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنى فەرمى پارتى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە رایگەیاند، شاندى هەرێم لەسەر بودجە لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوە، بەمەبەستى تیپەڕاندنى رێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغدا لەپڕۆژەى بودجەى 2021 و دەستکارینەکردنى لەلایەن پەرلەمانەوە.

 

وتیشى "هاتنى شاندەکە زۆر گرنگە، چونکە لە ساتە کۆتاییەکانى گفتوگۆى بودجە و بەشە بودجەى هەرێمە کە دەستکارى نەکرێت تا بە ئاسانى تێپەڕێت و کێشەى بۆ دروستنەکرێت".

 

فارس عیسا باسى لەوەشکرد، لیژنەى دارایی گوزارشت لە پەرلەمان دەکات، چونکە هەر کوتلەیەک نوێنەرى لە لیژنەکەدا هەیە، بۆیە ئەگەر پشکى هەرێم لە لیژنەى دارایی تێپەڕێت لە پەرلەمانیش تێدەپەڕێت و کێشەى بۆ دروست نابێت.

 

سەردانى شاندەکەى هەرێم بۆ بەغدا هاوکاتە لەگەڵ گفتوگۆکانى لیژنەى دارایی لەسەر ماددەکانى پەیوەست بە پشکى هەرێم لە بودجە کە بە رێژەى 12.6% دیاریکراوە، بەرانبەر رادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە و نیوەى داهاتى نەوتى و نانەوتى.

 

فارس عیسا دەڵێت، دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کەشێکى ئەرێنى بۆ دانوستانەکانى ئەمجارە رەخساندووە، چونکە پێش دواخستنەکە چەندین لایەن دژى هەرێم لێدوانیاندەدا، بەڵام ئێستا کەدەنگدان دواخراوە لێدوانى لەو جۆرە نادەن.

 

گفتوگۆ لەسەر پشکى هەرێم لە بودجە لەلایەن لیژنەى دارایی پەرلەمانەوە، دوایین کارى لیژنەکەیە پێش ئەوەى پەرلەمان پڕۆژەکە بخاتە دەنگدانەوە.

 

جەمال کۆچەر، ئەندامی کوردی لیژنەکە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەى سەباحی فەرمی کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە (23ى کانونى دووەمى 2020) ڕایگەیاند، لیژنەى دارایى لە گفتوگۆکانى لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامە  و بەرەو کۆتایى دەڕوات، پێدەچێت لەکۆتایى ئەم هەفتەیە یاخود سەرەتاى هەفتەى داهاتوو بخرێتە دەنگدانەوە.    

 

لاى خۆیەوە، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق (شەممە 23ی کانوونی دووەمی 2021) لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، گەشبینن کە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2021، جێگیردەکرێت و کێشەی موچە نامێنێت.