گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆکار چییە؟

هەرێم؛ ژنان زیاتر لە پیاوان توشی نەخۆشی دەبن

2021.01.24 - 14:09
App store icon Play store icon Play store icon
هەرێم؛ ژنان زیاتر لە پیاوان توشی نەخۆشی دەبن

 ناس کورد-

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئافرەتان زیاتر لە پیاوان سەردانی پزیشک و نەخۆشخانەکان دەکەن، پزیشکێکی تایبەتی ئافرەتانیش دەڵێت، دووگیان بوون و منداڵبوون یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان و پێشیوایە، ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان زۆر ماندوون، پزیشکێکی دەروونیش پێیوایە، هەندێک جار ئافرەتان کێشەی وەسواسیان هەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەشێک لەو ئامارانەی تایبەت بە سەردانیکردنی بنکە و مەڵبەندە تەندروستییە حکومییەکان لە ساڵی 2020، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، بەمشێوەیەبوون:

 

 بەشی ڕاوێژکاریی نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە:

-  14 هەزار و 841 کەس لە ڕەگەزی نێر

-  28 هەزار و 252 کەس لە ڕەگەزی مێ

 

ئاماری بەشی فریاکەوتن:

 

- هەشت هەزار و 778 کەس لە ڕەگەزی نێر

- نۆ هەزار و 193 کەس لە ڕەگەزی مێ

 

ئەو کەسانەی سەردانی سەنتەری شەکرەیان کردووە لە پارێزگای سلێمانی:

 

- هەشت هەزار و 844 کەس لە ڕەگەزی نێر

- 12 هەزار و 758 کەس لە ڕەگەزی مێ

 

ئەو کەسانەی سەردانی سەنتەری ڕاوێژكاری نەخۆشیەكانی حەساسیەت و ڕەبۆیان كردووە:

 

- 969 کەس لە ڕەگەزی نێر

- هەزار و 358 کەس لە ڕەگەزی مێ

 

ئامارەکان دەرخەری ئەوەن، ژمارەی ئەو کەسانە زیاتر لە ڕەگەزی مێ بوون، بەراورد بە ڕەگەزی نێر.

 

د. ئەڤین سادق، پزیشکی پسپۆڕیی ژنان بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی ئاماری سەردانیکەرانی پزیشک زیاتر ژنان، ئەوەیە کە ژنان لەکاتی دووگیانیدا زیاتر سەردانی پزیشک دەکەن، هەروەها لەکاتی منداڵبوونیشدا بەهەمانشێوە سەردان دەکەن و ناویان تۆماردەکەن."

 

وتیشی، "هۆکارێکی دیکە هەر پەیوەندی بە دووگیانی ئافرەتانەوە هەیە، چونکە دووگیانی کاریگەریی درێژخایەن جێدەهێڵێت و زۆرجار دەبێتە هۆی کەمخوێنی، کەم ڤیتامینی، ئازاری پشت و جومگەکان و چەندین ئازاری دیکە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەکاتی دووگیانیدا، نیوەی وزەی ئافرەت بۆ کۆرپەکەیەتی و کۆرپەکە لەسەر گیانی دایکی دەژی."

 

ئەو پزیشکە باسی لەوەشکرد، "ئەوە دۆخێکی گشتییە بۆ هەموو ژنان لە هەموو وڵاتاندا، بەڵام جگە لەوانەش ژنان لە هەرێمی کوردستان زیاتر ماندووترن بەدەست کاروباری ماڵەوە و لەڕووی دەروونیشەوە فشاری زۆریان لەسەرە کە ئەوەش هۆکارە بە دووچاربوون بە چەندین نەخۆشی دیکە."

 

هەندیکجار لەناو کۆمەڵگەدا و لەلایەن پیاوانیشەوە ڕەخنە لە ئافرەتان دەگیرێت کە زۆر سەردانی پزیشک دەکەن و پێیانوایە، بووەتە کێشەیەکی دەروونی بۆ بەشێک لە ئافرەتان.

 

د. محەمەد جوتیار، پزیشکی پسپۆڕی دەروونی بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، " ئەو کێشەیە لەنێوان ژنان و پیاوانیشدا هەیە کە تووشی واسواسی دەبن و بەبێ ئەوەی هیچ نەخۆشییەکیان هەبێت، بەردەوام سەردانی پزیشک دەکەن، بەڵام ئەو حاڵەتە لەنێو ژناندا زیاترە."

 

وتیشی، "هۆکاری ئەوەی کە ژنان زیاتر تووشی ئەو حاڵەتە دەبن، ئەوەیە کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا فشار لەسەر ژنان زیاترە و زیاتریش دووچاری کێشە دەروونییەکان دەبن."

 

پزیشکێکی دیکە پێیوایە، هۆکارێکی ئەوتۆ بۆ ئەو جیاوازیانە نییە و هەندێک نەخۆشی هەن لە ژناندا زیاترن.

 

د. ئازاد حەسەن، پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەمار بۆ "ناس کورد" وتی، "هەندێک نەخۆشی هەن لە ژناندا زیاترن، بۆ نمونە شەقیقە و گرژی دەمار، بۆیە لەو بەشانەدا زیاتر ژنان سەردانی دەکەن، بەڵام بەشەکانی شکاوی و ئێسک بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ و ڕووداوی دیکە، زیاتر پیاوان سەردانی دەکەن."

 

وتیشی، هەندێک نەخۆشی دیکەش هەن هەردوولا وەک یەک ئەگەری توشبوونیان هەیە، وەک شێرپەنجە.