گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەیسەکەی سڵێمان هەڵشۆیی

ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی تێوەگلانی بەرپرسانی حزبی لە کەیسەکەی سڵێمان هەڵشۆیی

2021.01.23 - 19:25
App store icon Play store icon Play store icon
ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی تێوەگلانی بەرپرسانی حزبی لە کەیسەکەی سڵێمان هەڵشۆیی

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین لەبارەی تێوەگلانی بەرپرسانی حزبی لە کەیسەکەی سڵێمان هەڵشۆیی ڕوونکردنەوە دەدات و دەشڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی وەک مامەڵەکار لەو کەیسەدا تێوەگلاون گەیشتووەتە 40 کەس.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین (شەممە 23ی کانوونی دووەمی 2021) لە لێدوانێکی تایبەتدا بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، " لێکوڵینەوە و بەدواداچوون بۆ کەیسەکەی سلێمان هەڵشۆیی تائێستا بەردەوامە، لەبەر ئاڵۆزیی دۆسییەکە دادگا پێویستی بە کاتێکی زیاترهەیە، چونکە ژمارەی سکاڵاکاران ڕۆژبەڕۆژ لەزیادبووندایە".

 

وتیشی، "لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا 20 تاوانباری دیکەی ئەو کەیسە دەستگیرکراون کە ڕۆڵیان هەبووە لە ئەنجامدانی مامەڵە و وەرگرتنی پارە لە خەڵکی دەڤەرەکە و لە ئێستادا ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کەیسەکە تێوەگلاون گەیشتووەتە 40 کەس".

 

وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ئەوەشی خستەڕوو، " لەبەر زۆری سکاڵاکان، یەکلایی کردنەوەی کەیسەکە کاتێکی زۆری دەوێت، زیاتر لە هەزار کەس ناویان بۆ جوڵاندنی سکاڵا دژ بە ناوبراو تۆمارکردووە، ئەەو لە کاتێکدایە کە ژمارەی ئەوانەی کەپێشتر بەفەرمی سکاڵایان دژ بە هەڵشۆیی تۆمارکردووە نزیکەی 50 کەس بوون".

 

شۆرش ئیسماعیل، ئەوەشی وت، "بۆ ئەوەی کەیسەکە ڕێکار و ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت، دەبێت هەموو ئەو کەسانەی کە سکاڵایان تۆمارکردووە ڕووبەرووی ناوبراو و هاوکارانی بکرێنەوە، دادگاش پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە لەڕاست و دروستی سکاڵاکان، چونکە پێدەچێت هەندێکیان ڕاست نەبن و لەگەڵ لێشاوی ئەو سکاڵایانەدا سکاڵایان تۆمارکردووە".

 

"تائێستا نە شوێن و نە چارەنووسی ئەو پارانە دیارنییە، ئەو دەنگۆیانەشی کە باس لەوە دەکەن گوایە بەرپرسی حیزبی یان چەند بەرپرسێکی سنورەکە لە پەشت ئەو کەیسەوەن، دوورە لە ڕاستییەوە، لە لێکۆڵینەوەکاندا هیچ شتێک لەوبارەیەوە ئاشکرانەکراوە "، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەرین وادەڵێت.

 

سلێمان ھەڵشۆیی دانیشتووی دەڤەری ڕاپەڕینە، پێشتر مامەڵەی بە وادە لەگەڵ ژمارەیەك ھاووڵاتی كردووە و وەك بازرگان لە ناوچەكە ناسراوە، لە( 18 کانوونی یەکەمی 2020) مایەپووچبوونی خۆی ڕاگەیاند و ھەندێك لەو كەسانەی مامەڵەیان لەگەڵ كردبوو، چونە سەرماڵەكەی، دواتر و چەند كەسێكیش لە ڕێگەی میدیاكان بڕی قەرزەكانیان لای سلێمان ئاشكراكرد و دواتر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.