ناس کورد-
دوای ئەوەی گه‌نجێكى ته‌مه‌ن 31 ساڵ له به‌رده‌م دادگاى ناحیه‌ى جه‌له‌ولا سه‌ر به‌خانه‌قین كوژرا، دەرکەوت بكوژه‌كه برای كچێكه كه په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ كوژراوه‌كه هه‌بووه و پێكه‌وه بڕیاریانداوه هەڵبێن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سه‌رله‌به‌یانى رۆژى چوارشه‌مه 20ی کانوونی دووەمی 2021، له‌به‌رده‌م دادگاى ناحیه‌ى جه‌له‌ولای سه‌ر به‌خانه‌قین، گه‌نجێك له‌لایه‌ن گه‌نجێكى تره‌وه كوژرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕادیۆی دەنگ لە گەرمیان کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە، چیرۆكه‌كه له‌وه‌وه ده‌ستى پێكردوه كوژراوه‌كه كه ناوى (د. ك. ر)ـه و ته‌مه‌نى 31 ساڵه و دانیشتووى گه‌ڕه‌كى سه‌وزى ناحیه‌ى جه‌له‌ولایه، په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستیی له‌گه‌ڵ كچێك به ناوى (هـ. ئ) ده‌به‌ستێت كه ته‌مه‌نى 17 ساڵه و دانیشتوى گه‌ڕه‌كى "مههافیف"ى ناحیه‌ى جه‌له‌ولایه.
كوڕه‌كه چه‌ند جارێك ده‌چێته خوازبێنى كچه‌كه، به‌ڵام ماڵه‌وه‌یان رازیی نابن، ئه‌و دوانه‌ش پێش نزیكه‌ى 2 هه‌فته بڕیار ده‌ده‌ن پێكه‌وه هه‌ڵبێن "ره‌دو بكه‌ون".
پاش تۆماركردنى سكاڵا له‌لایه‌ن كه‌سوكارى كچه‌كه‌وه، توانراوه له بازگه‌یه‌كى شاری باقوبهى ناوه‌ندى پارێزگاى دیاله هه‌ردوكیان ده‌ستگیر بكرێن و بگه‌ڕێنرێنه‌وه جه‌له‌ولا.
كوڕه‌كه به تۆمه‌تى ئه‌تككردن "أغتصاب" و رفاندنى كچه‌كه ده‌ستگیر ده‌كرێت، ئه‌گه‌رچی وه‌ك ده‌وترێت كچه‌كه به‌ویستی خۆی له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه هه‌ڵهاتوه، به‌ڵام به‌وهۆیه‌ى ته‌مه‌نى خوار 18 ساڵه و ناكامه "قاصر" هه‌ربۆیه كوڕه‌كه روبه‌ڕوى ئه‌و تۆمه‌ته كراوه‌ته‌وه.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، كوڕه‌كه له جه‌له‌ولا به‌ندكراوه و كچه‌كه‌ش به فه‌رمانى دادوه‌ر خراوه‌ته لای موختاری گوندێكى سه‌ر بهناحیهكه به‌مه‌به‌ستى پاراستنى، به‌هۆی نه‌بونى هیچ ناوه‌ندێكى پاراستنى ژنان له ناحیه‌كه و ته‌نانه‌ت قه‌زاى خانه‌قینیش.
پاش ده‌ستگیركردنى كچ و كوڕه‌كه و هێنانه‌وه‌یان بۆ جه‌له‌ولا، هه‌وڵده‌درێت به رێگه‌ى عه‌شایه‌ریی چاره‌سه‌رى كێشه‌كه بكرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش خێزانى هه‌ردو لا رێكده‌كه‌ون به‌وه‌ى كوڕه‌كه كچه‌كه ماره ببڕێت و به‌وشێوه‌یه‌ش كوڕه‌كه له به‌ندكردن و سزای یاساییش رزگاریی ده‌بێت، به‌پێی ماده‌ى (398) له‌یاسای عێراقی كه له‌م دۆخانه‌دا په‌نای بۆ ده‌برێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، ئه‌گه‌رچی چاوه‌ڕێ كراوه ره‌وشه‌كه ئارام ببێته‌وه و كچ و كوڕه‌كه له دادگا ماره ببڕێن و كێشه‌كه‌یان به‌وشێوه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام به‌یانى رۆژى چوارشه‌مه (20/1/2021) گه‌نجه‌كه هه‌ر له به‌رده‌م دادگا دا ده‌كوژرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، گه‌نجه‌كه هێنراوه‌ته دادگا به‌مه‌به‌ستى یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى دۆسیه‌كه‌ى به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى كه هه‌ردو خێزان كردویانه، به‌ڵام له‌وێ و له‌كاتێكدا له دادگا به یاوه‌رى دو پۆلیس ده‌رده‌چێت و ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه بۆ بنكه‌ى پۆلیس، برایه‌كى كچه‌كه به‌ناوى (نبراس ئه‌حمه‌د) هه‌ل ده‌قۆزێته‌وه و به چه‌كی كڵاشینكۆف ته‌قه له كوڕه‌كه ده‌كات و ده‌ستبه‌جێ ده‌یكوژێت، هه‌ر له‌وێش دا خۆی و چه‌كه‌كه‌ى راده‌ستى پۆلیسه‌كان ده‌كات و پێیان ده‌ڵێت مه‌سه‌له‌كه له‌سه‌ر شه‌ره‌فه. ئێستا بكوژه‌كه به فه‌رمانى دادوه‌ر راگیراوه.
پاش ئه‌م روداوه، دادوه‌ر بڕیاری هێشتنه‌وه‌ى كچه‌كه ده‌دات له شوێنێكى پارێزراو دا، به‌ڵام مه‌ترسی هەیە ئەویش بکوژرێت.
به‌هۆی بوونى هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ژیانى كچه‌كه و هه‌روه‌ها دروستبوونى پێكدادان له‌نێوان خێزانى بكوژ و كوژراوه‌كه، پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان له دوێنێوه كه‌وتونه‌ته حاڵەتی ئامادەباشییەوە و رێوشوێنه‌كانیان توندوتۆڵ كردوه‌ته‌وه.