ناس کورد-
ئەندامێکى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، کۆبوونەوەى لیژنەکەیان لەگەڵ وەزارەت و دەزگاکان بەردەوامى هەیە و بابەتى نەوت و موچەى فەرمانبەرانى هەرێم بەستراون بە یەکەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق (20ى کانوونى دووەمى 2021) لەمیانەى بڵاوکردنەوەى بابەتێک لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە رونیکردەوە، کۆبونەوەکانی لیژنەی دارایی و میوانداری وەزارەت و دەزگاکان رۆژانە بەردەوامە و هاوکێشەی ناو موازنە و گفتوگۆکان بە شێوەیەکە کە نەوت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، یا نەوت و پشکی هەرێم پێکەوە بەستراون.
ئەندامەکەى لیژنەى دارایى ئاماژە بەوە دەکات، ئەوەی پێی وابێ کە نەوت و بودجە لە دەرەوەی سیاسەتن و پەیوەندیان بە سیاسەتەوە نیە، نە لە سیاسەت گەیشتوە نە لە حوکمڕانیی و دەبێ دانیشین ئەلف و بێی سیاسەتی فێربکەین.
دەشپرسێت "ئەوانەی لە پێناو بەرژەوەندی حزبی و عائیلی، ئیرادەی خەڵکی کوردستانیان رادەستی دەوڵەتانی دراوسێ کرد کەی دەست لە سیاسەتی شکستخواردوی نەوت هەڵدەگرن؟!".
جەختیشدەکاتەوە "لە یاسای موازەنەی ۲٠۲۱ دەرفەتێک هەیە کە نەوت لەبری هەرزانفرۆشکردن بگۆردرێ بۆ پشکی هەرێم و موچە و شایستە داراییەکانی تر، ئێمە ڕون و ڕاشکاو لەگەڵ ئەوەین نەوت ببێتە موچە و ژیان بۆ خەڵک و دژی ئەوەین چیتر بۆ پاشکۆیەتی سیاسیی و دەوڵەمەندبونی خێرای کەس و گروپ و خێزانە سیاسیەکان بەکاربێت".
وتەکانى ئەو ئەندامەى پەرلەمانى عێراق لەکاتێکدایە کە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند هەفتەی داهاتوو شاندێك لەهەرێمەوە دەچێتە بەغدا بەبێ ئەوەی سروشت و ئەركی ئەو شاندە دەستنیشان بكات.
مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێم پاش كۆبوونەوە لەگەڵ كونسوڵ و دیپلۆماتكاران و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی ئەمڕۆ (20 كانونی دووەمی 2021) له تویتهری خۆیهوه رایگهیاند، ههفتهی داهاتوو شاندی ههرێمی كوردستان سهردانی بهغدا دهكات.
مهسرور بارزانی، له زنجیره تویتێكدا له ههژماری تایبهتی خۆی له تویتهر رایگهیاندووه، ههفتهی داهاتوو شاندی ههرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆی دهچێتەوە بهغدا، هاوكات پشتیوانی خۆیشی له ههوڵهكان كردووه بۆ ئهنجامدانی ههڵبژاردنی پێشوهخته له عێراق كە بریارە لە 10 ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا بەڕێوە بچێت.