ناس کورد-
شەش ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر بایکۆتى کۆبوونەوەى ئەنجومەنیان کرد، بەهۆى بانگهێشتنەکردنى پارێزگارى بەوەکالەتەوە لەسەر پرسی کاریگەرى بەرزبوونەوەى دۆلار لەسەر نرخى کاڵا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەباس محەمەد، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، لەگەڵ فراکسیۆنەکانى گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو، ئەمڕۆ بایکۆتى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى کردووە.
وتیشى، هۆکارى بایکۆتى کۆبوونەوەکە پشتگوێخستنى داواکارییەکیان بووە کە کۆتایی ساڵى رابردوو پێشکەشیان کردووە بۆ ئەوەى پارێزگارى بەوەکالەتى هەولێر بانگهێشت بکرێت بەمەبەستى تاوتوێکردنى کاریگەرى بەرزبوونەوەى دۆلار لەسەر نرخى کاڵا.
عەباس محەمەد باسى لەوەشکرد، لەجیاتى ئەوە سەرۆکایەتى ئەنجومەن قایمقامی ناوەندى هەولێرى بانگهێشتکردووە بۆ قسەکردن لەسەر ئەو پرسە کە ئێستا تەنانەت وادەى باسکردنیشى بەسەرچووە و لەکاتى خۆیدا تاوتوێ نەکراوە.
بەپێی کارنامەى کۆبوونەوەکە، ئەنجومەنى پارێزگارى هەولێر هەشت تەوەر تاوتوێدەکات کە دیارترینیان بانگهێشتکردنى قایمقامیەتى هەولێر و لیژنەى تایبەت بە چاودێرى بازاڕ و بەڕێوەبەرى چاودێرى بازرگانییە بۆ تاوتوێکردنى نرخەکان.