گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

پێشمەرگە سوپای عێراق بە ’’خۆدزینەوە’’ تۆمەتبار دەکات

2021.01.19 - 23:06
App store icon Play store icon Play store icon
پێشمەرگە سوپای عێراق بە ’’خۆدزینەوە’’ تۆمەتبار دەکات

ناس کورد-

بەرپرسی میحوەری باکور و ڕۆژئاوای کەرکوکی پێشمەرگە دەڵێت، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ جموجوڵی چەکدارانی داعش لە ناوچەکە زیاتر دەبێت و "سوپای عێراق خۆی لە ڕێككەوتنی پێشوو بۆ پێكھێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش دەدزێتەوە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نوری حەمەعەلی، بەرپرسی میحوەری باكوور و رۆژئاوای كەركووكی ھێزی پێشمەرگە لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (19ی کانونی دووەمی 2021) ڕاگەیاند، "تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی دەوروبەری كەركوك و خانەقین وەك خۆیان ماون و رۆژانی رابردوو جوڵەیان زیادی كردووە، ھۆكارەكانیش زۆرن، بەڵام بێدەنگیی ھێزە عێراقییەكان بەرامبەر بە كردەوەكانی داعش، جێگەی گومانە، چونكە زۆر جار بە ڕۆژ چەكدارانی داعش بە ئاشكرا و بە بەرچاوی ھێزەكانی عێراقەوە ھاتوچۆ دەكەن و ئەو ھێزانە بێدەنگن، ئەمەش لە ترسی ئەوەی بە شەو داعش نەیەتە سەریان".

 

بەرپرسەكەی پێشمەرگە دەشڵێت، "تا ئەو كاتەی ھێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناوچەكە، داعش ھەر وەك خۆی دەمێنێ، چونكە ئەو ھۆكارانەی بوونەتە پاڵپشت بۆ مانەوەی داعش، ماون، بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی پێشمەرگە، رەوشی ناوچە كوردستانییەكان بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت".

 

لەبارەی پێكھێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش، نوری حەمەعەلی ئاشکرای کرد کە "وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی پێشوو لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق، بەڵام عێراق خۆی لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە دەدزێتەوە و نایەوێ ھیچ ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بۆ كۆتاییھاتن بە داعش دروست بكرێت".

 

پێشتر بریکارى وەزارەتى پێشمەرگە ڕایگەیاند، چەندین بژاردە تاوتوێ دەکرێت بۆ هەماهەنگى سەربازى هەرێم و بەغدا لەناوچە جێناکۆکەکان و گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە بەڵام هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە.

 

سەربەست لەزگین (24ی تشرینی دووەمی 2020) لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە وتى، "هەردوو ناوەندى هەماهەنگى سەرەکى بەغدا و هەولێر دەستبەرکاربوون لەنێوان هەردوو وەزارەتى پێشمەرگە و بەرگریی عێراق".

 

وتیشى، کۆبوونەوەیەکى دیکە دەکرێت بۆ کاراکردنى سەنتەرەکانى دیکەى هەماهەنگى لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان.

 

لەبارەى گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، سەربەست لەزگین وتى، "چەندین بژاردە هەیە و گفۆتوگۆیان لەسەر دەکرێت و هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە، وەک دروستکرنى هەندێ هیڵى هاوبەش و دەڤەرى هاوبەش لەو ناوچانە".

 

هەردوو وەزارەتى پێشمەرگە و سوپاى عێراق (13 تشرينى یەکەمى 2020) لەسەر سێ خاڵ رێککەوتن، بەمەبەستى هەماهەنگى هاوبەش لەناوچە جێناکۆکەکان کە یەکەمیانیان دەستبەکاربوونى سەنتەرەکانى هەماهەنگى ئەمنى هاوبەشى نێوان هەولێر و بەغدایە.