گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

راگەیەندراوى سێ پەرلەمانتارى کورد لەبارەى بودجە و موچەى فەرمانبەرانى هەرێم

2021.01.19 - 13:12
App store icon Play store icon Play store icon
راگەیەندراوى سێ پەرلەمانتارى کورد لەبارەى بودجە و موچەى فەرمانبەرانى هەرێم

ناس کورد-

سێ ئەندامى کوردى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق لەبارەى بودجە و موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و داوا لە حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەن نەوت رادەستى سۆمۆ بکەن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

هەریەک لە ئەحمەد حاجى ڕەشید و جەمال کۆچەر و هۆشیار عەبدوڵا نوێنەرانى هاوپەیمانى هیوا لە لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق (سێشەممە، 19ى کانوونى دووەمى 2021) لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە داوا لە حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەن بە گوێرەی ئەو رێکەوتنەی کە حکومەتی هەرێم پێشتر رایگەیاند لەگەڵ حکومەتی عێراق کردوویەتى نەوت رادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ بکات.

 

لەبەشێکى ترى راگەیەندراوەکەدا بەپێویستى دەزانن بە خێرایی ئەو مەلەفە بە ریشەیی چارەسەر بكرێ و، حکومەتی هەرێم بەخێرایی لەگەڵ سۆمۆ بکەوێتە گفتوگۆ لە پێناو رادەستکردنی نەوت و نیشاندانی نیەتپاکیی سەرەتایی بۆ پابەندبون.

 

دەقى راگەیەندراوەکە:

راگەیەندراوێک لە نوێنەرانی هاوپەیمانی هیوا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە:

وەک نوێنەرانی هاوپەیمانی هیوا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی ئەرکی نوینەرایەتی سەرشانمان بەرامبەر خەڵکی کوردستان و موچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکانی تری شیوەی جوتیاران و پێشمەرگە و، لە سۆنگەی هەستکردن و ئاگاداربون لە هەستیاری گفتوگۆکانی ناو ناوەندی سیاسی عێراق بە گشتی و لیژنەی دارایی بە تایبەتی، بە پێویستی دەزانین دوبارە تەئکید لە پێشنیارێکی پێشومان بکەینەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بریتییە لە رادەستکردنیی نەوت بە سۆمۆ بە گوێرەی ئەو رێکەوتنەی کە حکومەتی هەرێم پێشتر رایگەیاند لەگەڵ حکومەتی عێراق کردویانە.

 

دوا بەدوای ئاشکرابونی داتاکانی ناو راپۆرتیی (دیلۆیت) ئێستا لەهەمو کات زیاتر لای خەڵکی کوردستان ڕوون و ئاشکرایە کە نەوتی هەرێم هەرزانفرۆش دەکرێت و پڕە لە کێشەی بونیادی کە بونەتە گرفتی گەورە بۆ ئێستا و لە ئایندەشدا دەبێتە کێشەی گەورەتر و ئاڵۆسکاوتر بۆ هەرێم و خەڵکەکەی، بۆیە پێویستە بە خێرایی ئەو مەلەفە بە ریشەیی چارەسەر بكرێ و، حکومەتی هەرێم بەخیرایی لەگەڵ سۆمۆ بکەوێتە گفتوگۆ لە پێناو رادەستکردنی نەوت و نیشاندانی نیەتپاکیی سەرەتایی بۆ پابەندبون.

 

ئێمە وەک نوێنەرانیی هاوپەیمانی هیوا رایدەگەیەنین، کە ئەگەر حکومەتی هەرێم هەنگاوێکی لەو شیوەیە بنێت، ئەوا پشتیوانیەکی گەورە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوپرۆسەی سیاسیی عێراق و گفتوگۆکانی ناو پەرلەمانیش بۆ تێپەراندنی موازەنەی ۲٠۲۱ بەدەست دەهێنێت، جیا لەوەی رێدەگرێ لە بەرزبونەوەی ئەو گوتارە شەعبەویەی کە بە هۆی رێکنەکەوتنی نێوان هەردو حکومەت لە بەغدا و هەولێر کەسانێک هانی گوتاری ڕق و ناکۆکی دەدەن.

 

ئێمە داواکارین حکومەتی هەرێم خۆی لە لێدوان و رونکردنەوەی نابەرپرسیارانە بەدور بگرێ وەک دوا رونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، کە کۆمەک بە گفتوگۆکانی ناو لیژنەی دارایی و کۆی گفتوگۆکانی رێکەوتنی نێوان هەردو حکومەت ناکا و پێویستە کابینەی نۆ چیتر لەسەر سیاسەتی هەڵە و کوشندەی نەوت وەک رابردوو بەردەوام نەبێت و بە خێرایی پێداچونەوە بکات بە مەلەفیی نەوتدا بە شێوەیەک نەوت و داهاتەکەی نەبێتە هۆکاری بێموچەیی خەڵک بەڵکو ببێتە سەرچاوەی موچە و ژیان و بژێوی  و خۆشگوزەرانیی  بۆ هاونیشتیمانیانمان.

ئەحمەد حاجی رەشید

جەمال کۆچەر

هۆشیار عەبدوڵا

بەغدا

۱۹ی جانیوەری ۲٠۲۱