گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

دواى یەکێتى، گۆڕان پڕۆژەکەى بۆ لامەکەزییەت ئاشکرادەکات

2021.01.18 - 20:28
App store icon Play store icon Play store icon
دواى یەکێتى، گۆڕان پڕۆژەکەى بۆ لامەکەزییەت ئاشکرادەکات

ناس کورد-

 

بزوتنەوەى گۆڕان ناوەڕۆکى پڕۆژەیەکى بۆ لامەرکەزى بڵاوکردەوە کە ئاڕاستەى حکومەتى کردووە، دواى ئەوەى یەکێتى پڕۆژەیەکى لەو بارەیەوە راگەیاند.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی پێگەى "سبەى" سەر بە بزوتنەوەى گۆڕان کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، بزوتنەوەى گۆڕان وەک دەرچەیەک بۆ چارەسەرکردن و کەمکردنەوەى بەشێک لەو فشارەى لەسەرحکومەت هەیە لە پرسى گارگێرى و ئیدارى لە کۆتاییەکانى ساڵى رابردوەوە پڕۆژەى لەبارەى لامەرکەزییەتەوە ئاڕاستەى حکومەت کردوە.

 

چۆمان محەمەد، رێکخەرى ژورى یاساى بزوتنەوەى گۆڕان وتى "ساڵى رابردوو دواى ئەوەى شاندى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم سەردانى بزوتنەوەى گۆڕانى کرد بۆ زانینى تێڕوانینى ئێمە لەبارەى پرسى لامەرکەزیەت، وتیان دەمانەوێ لە قۆناغى یەکەمدا پەیڕەوێک دەردەچوێنین تا هەموارکردنەوەى یاساى ژمارە (3)ى ئەنجومەنى پارێزگاکان".

 

ئاشکراشیکرد، گۆڕان لە کۆتاییەکانى ساڵى رابردو پڕۆژە و تێڕوانینى خۆى لەبارەى پرسى لامەرکەزییەتەوە بۆ حکومەت ناردوە و بەپێى پڕۆژەکە، چەند بنەمایەکى بنەڕەتى دیاریکردوە بۆ بنیاتنانى پڕۆژەى لامەرکەزى لە هەرێم.

 

وتیشى "بڕیاربوو پێش سەرى ساڵ پەیڕەوێک لەو بارەیەوە دەرچوێنرێت لە وەڵامى پڕۆژەکەى خۆمان کە پێشکەشمان کردون، بەڵام تائێستا پەیڕەوەکە دەرنەچوێندراوە، ئێمە لە پڕۆژەکەماندا بە ئامانجى کارئاسانیکردن بۆ مامەڵەى هاوڵاتیان و چەسپاندنى بنەماکانى لامەرکەزییەت چەند داواکارییەکمان کردوە پێشکەشکردوە".

 

بەپێى پڕۆژەکە، بزوتنەوەى گۆڕان چەند بنەمایەکى بنەڕەتى دیاریکردووە بۆ بنیاتنانى پڕۆژەى لامەرکەزى لە هەرێم کە ئەمانەن:

 

یەکەم/ چەسپاندنى پایەکانى لامەرکەزییەت بە یاسا کاریگەرترە وەک بە بڕیار و پەیڕەوى ئەنجومەنى وەزیران.

 

دووەم/  پەیکەرى ئیدارى حکومڕانى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتەکان بەپێى یاساکانى پەرلەمانى کوردستان بە روحییەتێکى مەرکەزى نوسراون، بۆیە پێویستە هەموارى یاساى پارێزگاکان ژمارە (3ى ساڵى 20009) گشتگیر و چڕوپڕ بێت و زۆربەى بوارەکان بگرێتەوە بە جۆرێک چارەسەرى ئەو دەسەڵاتە مەرکەزیانە بکات کە بۆ وەزارەتەکان دیاریکراون.

 

سێ/  بڕوابونى تەواو بە دابەشکردنى دەسەڵاتەکان بۆ سەرجەم یەکە ئیدارییەکانى پارێزگاکان و بەڕێوەبەرەگشتییەکا، بە قەزا و ناحیەکانیشەوە، چونکە ناکرێت دەسەڵات تەنها دابەشبکرێت بۆ سەرۆکى یەکەى ئیدارى پارێزگاکان.

 

چوار/ چەمکى چاودێرى بۆ پرسى لامەرکەزیەت بابەتێکى یەکجار گرنگ دەبێت، چونکە ئەگەر دەسەڵات دابەشبکرێت و چاودێرى کارابونى نەبێت، دەروازەیەمى گەورە بۆ دەرکەوتنى گەندەڵى و کارى نایاسایى دەکاتەوە، بۆیە بەهێزکردنى رۆڵى ئەنجومەنى پارێزگاکان و چاودێرى حکومەت هەرێم پێویستى باشترە بۆ بەڕێوەچونى پرسى لامەرکەزیەت.

 

پێنجەم/ لامەرکەزییەتى راستەقینە لە دیدى گۆڕاندا، مۆدێلێکى نوێى حکومڕانییە بۆ کار ئاسانى هاوڵاتیان و کەمکردنەوەى بارگرانى سەرشانى حکومەت، بەتایبەت نیە بە جێگە و پارێزگایەکى دیاریکراو و خوێندنەوەى سیاسى، بەڵکو پڕۆژەیەکى نیشتمانى پیرۆزە بۆ حکومڕانى هەموو پارێزگاکان بەبێ جیاوازى.

 

لە پڕۆەژەکەى گۆڕاندا بۆ کارئاسانی بۆ مامەڵەى هاوڵاتیان و چەسپاندنى بنەماکانى لامەرکەزییەت داواکراوە:

 

_ بەسەرۆکایەتى ( سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران و جێگرەکەى و وەزیرى دارایى و وەزیرى ناوخۆ و سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران و سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیران)، ئەنجومەنێک پێکبهێنرێت بەمەبەستى جێبەجێکردنى پەیڕەوەکە و دابەشکردنى دەسەڵاتە کارگێرى و داراییەکان و بەهێزکردنى رۆڵى چاودێرى.

 

_ دابەشكردنی دەسەڵاتەكان پەیوەستە بەپارێزگار وسەرپەرشتیارانی یەكە سەربەخۆكان وبەڕێوەبەرە گشتیەكانی  سەر بە پارێزگاكان، پێویستە لەسەر پارێزگابەشێكی دەسەڵاتەكانی كارگێڕی ودارایی دابەشبكات بۆ قەزاو ناحیەكان بەڕەچاوكردنی تایبەتمەندی و شوێنی جوگرافیا.

 

_ هەنگاونان بۆ جێبەجێكردنی سەرجەم ئەو ماددە یاسایانەی كەلەیاسای ژمارە (3ى2009) جێبەجێنەكراون لەماوەی سێ مانگ لەبەرواری بڵاوکردنەوەی ئەم پەیڕەوە .

 

_ ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی ٦مانگ لەبەرواری دەرچواندنی ئەم پەیڕەوەو پێویستە هەموارێكی گشتگیر بۆ یاسای ژمارە ٣ ساڵی ٢٠٠٩ ئامادەبكات و پێشكەشی پەرلەمانی كوردستانی بكات.

 

_ هەمواركردنەوەو هەڵوەشاندنەوەی ئەم پەیڕەوە پێویستی بەرەزامەندی سێ‌ لەچواری ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەیە.