دامەزراوەی ئەزهەر لە میسر ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە لەبارەی دیاردەی "هاوسەرگیری ئەزمونی" كە دیاریكردنی پێنج ساڵ لەخۆدەگرێت لانیكەم بۆ مانەوەی ژن و مێرد پێكەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەزهەر كە باڵاترین ناوەندی ئاینی میسرە لەبەیاننامەیەكدا كە سەنتەری جیهانی فەتوای سەر بەدامەزراوەكە بڵاویكردووەتەوە و "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە (18 كانونی دووەمی 2021) جەخت لەوە دەكاتەوە گرێبەستی هاوسەرگیری "پابەندییەكی قورسە و ناكرێت یاری پێ بكرێت".
هەروەها دەڵێت، بەمەرجگرتنی 3_5 ساڵی سەرەتا بۆ جیا نەبوونەوەی ژن و مێرد "بەندێكی فاسدە و ئیشی پێ ناكرێت"، بەهەمانشێوەش دیاریكردنی ماوەیەكیش بۆ كۆتاییهاتنی هاوسەرگیری هەر رێگەپێدراو نییەو بەتاڵ و حەرامە.
بەیاننامەی ئەزهەر جەخت لەوەش دەكاتەوە "هاوسەرگیری ئەزمونی" پێچەوانەی بنەماكانی ئیسلامە، هەروەها "لەگەڵ ئەحكام و مەبەستەكانی ئیسلامدا دژ دەوەستێتەوە، ئیهانەی تێدایە بۆ كەرامەتی ژن و هۆكارێكیشە بۆ تێكدانی بەهاكان".
بەمدواییانە جۆرێك لە هاوسەرگیری لە وڵاتی میسر سەریهەڵداوە كە لە گرێبەستەكەدا ماوەی 3_5 ساڵ دیاری دەكرێت بۆ مانەوەی ژن و مێرد پێكەوە بۆ ئەوەی دواتر بڕیار بدەن بەردەوام دەبن یان نا، بەڵام ئەزهەر كە گەورەترین دامەزراوەی ئاینیی و شەرعی ئەو وڵاتەیە جەخت لەوە دەكاتەوە بۆ هیچ ماوەیەك نابێت نە تەڵاقی پیاو نە حاشای ژن نە بڕیاری دادوەر، بخرێتە ناو هیچ گرێبەستێكەوە و ناكرێت ئاماژە بەو شتانە بكرێت.