گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا

نوێترین زانیاری لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا

2021.01.18 - 10:23
App store icon Play store icon Play store icon
نوێترین زانیاری لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا

ناس کورد-

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیە سەردانی بەغدا بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکان، بەڵام نازانن قسە لەگەڵ کێ بکەن، هەربۆیە تائێستا بڕیار لەوبارەیەوە نەدراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان (دووشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، "داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کراوە سەردانی بەغدا بکات بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی کێشەکانی هەرێم و بەغدا، ئێمەش ئامادەین بچین، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری لێنەدراوە."

 

وتیشی، "حەز دەکەین بچینە بەغدا، بەڵام نازانین قسە لەگەڵ کێ بکەین و دەبێت بزانین کە قسە لەگەڵ کێ دەکەین، هەروەها چارەسەرەکەش بە چ ئاستێک دەڕوات."

 

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، "بەهۆی نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن و موزایەدەکردن، ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا کەمێک قورس بووە، بۆیە هەر چوونی شاند گرنگ نییە، گرنگە کە بزانین بۆچی دەچینە بەغدا."

 

لەئێستادا بودجەی 2021ی عێراق لە لیژنەی دارایی پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و چەندین جار نوێنەرانی کورد داوایان کردووە شاندێکی سیاسیی بچێتە بەغدا بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری لایەنە عەرەبییەکان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە وەک خۆی و دەستکارینەکردنی پشکی هەرێمی کوردستان.

 

دوێنێ یەکشەممە 17ی کانوونی دووەمی 2021، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، لەئێستادا لایەنە عەرەبییەکان داوای کۆی دۆسییەی نەوتی هەرێم دەکەن و دەیانەوێت ڕادەستکردنی 250 بەرمیل نەوت لەلایەن هەرێمەوە بە بەغدا کە لە پڕۆژەکەدا جێگیرکراوە، بگۆڕن بە کۆی دۆسییەی نەوت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، سەکردایەتی کورد دەڵێی لە کیشوەرێکی دیکە خەوتوون، شاندێک نانێرن بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنەکاندا.