گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مام فارس مژدە بە جوتیاران دەدات

مام فارس مژدە بە جوتیاران دەدات و دەڵێت: دوو کەیسی گەورەم بردووەتەوە

2021.01.18 - 09:16
App store icon Play store icon Play store icon
مام فارس مژدە بە جوتیاران دەدات و  دەڵێت: دوو کەیسی گەورەم بردووەتەوە

ناس کورد-

مام فارس سەرۆكی رێكخراوی جوتیارانی هەرێمی كوردستان موژدە بە جوتیارانی هەرێم دەدات کە سەرجەم پارەی گەنمەکەیان وەردەگرن و دەشڵێت، 90 جار بە جلە کوردییەکەیەوە چووەتە بەغدا و لە 40 دانیشتنی دادگادا دوو کەیسی گەورەی بردووەتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فارس حوسێن، ناسراو بە مام فارس، سەرۆكی رێكخراوی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "پارەی گەنمی جوتیاران هەفتەی داهاتوو نیوەی دەدرێت و نیوەكەی تر دەمێنێت، لەبەر ئەوەی ئێمە لە دادگا دوو جار بردوومانەتەوە و جارێ سێهەم بیانویان گرت و دەڵێن تابعی 17% كوردستانە، بەڵام بەداخەوە ئەو گەنمە وەرگیراوە و خوراوە".

 

مژدە بە جوتیارانی هەرێمی كوردستان دەدات كە دەتوانن نیوەكەی تریش وەربگرن و هەوڵیش دەدەن ئەگەر شایستە داراییەكانیان بە بریاری دادگا بچێتە تەنفیز ئەوا قەرەبووی یاساییشی لەگەڵدایە، دەبێت غەرامەی ئەو پارەیەش بدرێتەوە.

 

مام فارس ئاماژەی بەوەشکردووە، " بەو جلوبەرگە كوردییمەوە 90 جار سەردانی بەغدام كردووە و 40 دانیشتنی دادگاشمان لە دادگاکانی كەرخ و ڕەسافە كردووە و دوو كەیسی گەورەشم بردووەتەوە بەڵام پارەكە ڕاگیرا بیانویان لەسەر پرسێك هەبوو ئەمە تاوانێكە بەرامبەر بە جوتیاران، سەردانی دكتۆر بەرهەم ساڵحمان كردووە ئەویش بە غەدری زانیوە و هەوڵیداوە پارەكە بدرێتەوە، ئەم هەفتەیە كە سەردانی كۆشكی سەلاممان كرد بە ئامادەبوونی دكتۆر بەرهەم و وەزیری بازرگانیی عێراقی رێككەوتنێك كرابوو كە ئەم شایستە داراییانە نیوەی خەرج بكرێت و نیوەكەی تریش بۆ كاتێكی تر، مافێكی شەرعی خۆمانە و لە دادگاش بردمانەوە بەس ماوە جێبەجێ بكرێت".

 

ئەوەشی وتووە، " لەوانەیە ژمارەی ئەو جوتیارانە تا هەشت هەزار جووتیار بن، بەڵام خەڵكێكیش تێدایە سودمەند بووە ئەو هەژار و جووتیارانە زوڵمیان لێكراوە لەكاتی سەدام حوسێن چوار هەزار و 500 گوندیان تێكچووە ئەنفالی بەسەردا كراوە".

 

دەربارەی ئەوەی جوتیاران گەنمەکەیان چی لێبکەن و ڕێگەچارە چییە، مام فارس دەڵێت، " بەدیل ئەوەیە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكێ نوێ بتوانێت سایلۆ دروست بكات و داهاتمان زۆرە لەبەر ئەوەی ئاو و هەوا و خاك و نشتیمانێكی بەپیت و بەرەكەتمان هەیە، دەبێت پلانێكی تەواوی هەبێت بتوانێت ئەو بەرهەمە خۆماڵیە وەربگرێت و بەبازاڕ بكات بۆ ئەوەی چیتر تووشی ئەم هەڵەیە نەبینەوە."