گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تایبەت

هەڵگرتنى پارێزبەندى عەلى حەمە ساڵح و دابان محەمەد دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە

2021.01.17 - 21:37
App store icon Play store icon Play store icon
هەڵگرتنى پارێزبەندى عەلى حەمە ساڵح و دابان محەمەد دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە

ناس کورد-

سەرچاوەیەک لەسەرۆکایەتى پەرلەمان رایگەیاند، لەسەر داواى خۆیان رەزامەندى دراوە لەسەر هەڵگرتنى پارێزبەندى هەردوو پەرلەمانتارى گۆڕان عەلى حەمە ساڵح و دابان محەمەد و رەوانەکردنیان بۆ دادگا.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

هەفتەى رابردوو ئەو دوو پەرلەمانتارە لە نوسراوێکدا داوایان لەسەرۆکایەتى پەرلەمان کرد پارێزبەندیان لەسەر هەڵبگیرێت تا بچنە بەردەم داگا دواى ئەوەى لەلایەن مەرزى باشماخەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکرابوو.

 

سەرچاوەیەکى ئاگادار لەپەرلەمانى کوردستان (17ى کانوونى دووەمى 2021)  تایبەت بە "ناس کوردى"ى ڕاگەیاند، بەپێى ئوسوڵى یاسایى کە لەئێستادا وەرزى پشوودانە سەرۆکایەتى پەرلەمان هەریەکە لەپەرلەمانتاران عەلى حەمە ساڵح و دابان محەمەدى ئاگادار کردووەتەوە کە ئەوان ئامادەن پارێزبەندیان لەسەر هەڵبگرن و بچنە بەردەم دادگا، ئەوانیش ئامادەییان دەربڕیووە.

 

وتیشى، دواى وەرگرتنى رەزامەندییەکە لەلایەن سەرۆکایەتى پەرلەمانەوە نوسراوى ڕەوانە کردنیان بۆ بەردەم دادگا نێردراوە.

 

سکاڵاکەى سەر ئەو دوو پەرلەمانتارە پەیوەندى هەیە بە باسکردنى پرسی قاچاخچێتى لەخاڵە سنورییەکان بەتایبەتى لەباشماخ، بەو هۆیەشەوە دەروازە سنورییەکە سکاڵاى لەسەریان تۆمارکردووە.

 

بەپێی ماددەى 24ى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان، ئەندامى پەرلەمان لەرۆژى سوێندخواردنییەوە پارێزبەندى هەیە و نابێت راوەدو بنرێت و دەستگیربکرێت و ماڵەکەى بپشکنرێت، بەبێ مۆڵەتى پەرلەمان، تەنها لەحاڵەتێکدا نەبێت کە تاوانى بینراوى ئەنجام دابێت.    

  

هەر بەپێی ئەو ماددەیە، هەڵگرتنى مافى پارێزبەندى پێویستى بە دەنگى زۆرینەى ئامادەبووانى دانیشتنى پەرلەمانە و لەدەرەوەى وەرزى یاسادانانیش بڕیار لەدەست دەستەى سەرۆکایەتیدایە.    



لەم خولەى پەرلەمانى کوردستاندا ئەمە سێیەم حاڵەتى هەڵگرتنى پارێزبەندییە لەسەر پەرلەمانتاران، ساڵى رابردوو پارێزبەندى لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتارى کۆمەڵ هەڵگیرا لەسەر بنەماى سکاڵایەکى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت و  دواتریش دەستى لەکارکێشایەوە.