ناس کورد-
سەرۆک وەزیرانى عێڕاق ڕایگەیاند، پشتگیرى تەواوى چالاککردنى سەکۆیەکى ئەلکترۆنى بۆ دەستەى خاڵە سنوریەکان و پرۆژەى بە ئەلکترۆنیکردن دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەستەى خاڵە سنوریەکان (یەکشەممە، 17ى کانونى دووەمى 2021) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کازمى چاوى بە عومەر وائیلى سەرۆکى دەستەکە کەوتوە و پشتگیرى تەواوى خۆى بۆ پرۆژەى بە ئەلکترۆنیکردنى خاڵە سنوریەکان و کۆنترۆڵکردنى تەواوەتیان کردوە بە ئامانجى بنەبڕکردنى سەرپێچیەکان و زیادکردنى داهاتى حکومەت.
بەگوێرەى راگەیەندراوى دەستەکە، کازمى ستایشى ڕۆڵى گەورەى دەستەکەى کردوە لە چاودێرى و سەرپەرشتیکردن و وردبینى و لایەنى ئاسایشى فەرمانگەکانى خاڵە سنوریەکان و هەروەها باس لە ڕێوشوێنەکانى تایبەت بە چالاککردنى سەکۆیەکى ئەلکترۆنى کراوە کە لەلایەن دەستەکەوە ئامادەکراوە.
راگەیەندراوەکە رونیدەکاتەوە، لاى خۆیەوە عومەر وائیلى جەختیلەوەکردوەتەوە، ساڵى 2021 ساڵێکى تایبەت و سەرکەوتوو دەبێت و تەواوکەرى ساڵى ڕابردوو دەبێت لە بەدەستهێنانى داهات بۆ پشتگیریکردنى موچە و کۆنترۆڵکردنى سەرپێچیەکان و لەناوبردنى گەندەڵى و گەندەڵکاران.