گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

پەرلەمان: لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بودجە تێدەپەڕێنرێت

2021.01.17 - 14:45
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمان: لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بودجە تێدەپەڕێنرێت

ناس کورد-

جێگری یەکەمی سەرۆکى پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 لە ماوەیەکی زۆر کورتدا تێدەپەڕێنرێت دوای ئەوەی بڕی کورتهێنان کەم دەکرێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ یەکشەممە (17ی کانونی دووەمی 2021)، حەسەن کەعبی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ جان نوێل بۆنیۆ، باڵیۆزی کاربەڕێکەری فەڕەنسا لە عێراق کۆبوویەوە و ڕایگەیاند، کەمکردنەوەى کورتهێنان لە بودجەکەدا "بە شێوەیەک دەبێت کە زیان بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان و دەوڵەت نەگەیەنێت."

 

هاوکات ئەحمەد سافار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمی عێراقییە کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە دەڵێت، "تێپەراندنی بودجە پێویستی بە سازانی سیاسی هەیە."

 

ئەحمەد سافار دەشڵێت، "لیژنەی دارایی ئەو پێشنیازانە دیاری دەکات کە بە پێویستی دەزانێت بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە بودجەدا."

 

دەشڵێت، "لیژنەی دارایی هەندێ بڕگە لە بودجەکەدا لادەبات و هەندێکی تری بۆ زیاد دەکات، بەڵام تێپەڕاندنی لە پەرلەمان پێویستی بە هاریکاری و سازانی سیاسی دەبێت."

 

دوێنێ شەممە، پەرلەمانی عێراق گفتوگۆکردنی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 کۆتایی پێهێنا.

 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە ئێستادا لایەنە عەرەبییەکان دەیانەوێت ڕادەستکردنی کۆی مەلەفی نەوت لەبەرامبەر ناردنی بەشە بودجە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیربکەن، دەشڵێت، حکومەتی هەرێم دەڵێی لە کیشوەرێکی دیکە خەوتووە شاندێک نانێرن بۆ گفتوگۆکردن.   

  

گفتوگۆکردن لەسەر بەند و بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەردەوامە و تائێستا دیارنییە ئەو بڕگانەی تایبەتن بە پشکی هەرێم وەک تێدەپەڕن یاخود نا.  

  

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق (یەکشەممە 17ی کانوونی دووەمی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاساکە بەردەوامە و پێدەچێت کۆتایی ئەم هەفتەیە کۆتایی بە گفتوگۆکان بێت."  

  

لە پڕۆژەکەدا پشکی هەرێمی کوردستان بە %12.67 بەرامبەر ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی دەروازە سنورییەکان دانراوە.  

  

جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەکرد، "لایەنە عەرەبییەکان وەک پێشووتر توندن بەرامبەر بە پشکی هەرێم و لە ئێستادا داوای ڕادەستکردنی کۆی دۆسییەی نەوت دەکەن بەرامبەر ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان."  

  

جەختیشیکردەوە، "ئەگەر هەرێمی کوردستان شاندێک نەنێرێت و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکاندا نەکات، ئەوا ئەوان دەتوانن لە لیژنەی دارایی بە زۆرینەی دەنگ بڕگەی تایبەت بە پشکی هەرێم لە ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل بگۆڕن بە کۆی دۆسییەی نەوت و لەوکاتەشدا ئەگەر هەرێم کۆی نەوتەکەی ڕادەست نەکات هیچ شتێک نامێنێت بەناوی ڕێککەوتن و بودجەی هەرێمیش نانێردرێت."  

  

جەمال کۆچەر سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر حکومەتی هەرێم نیشاندا و باسی لەوەکرد، "حکومەتی هەرێم دەڵێی لە قاڕەیەکی دیکە خەوتووە، پێمان سەیرە و نازانین بەتەمای چییە کە شاند نانێرێتە بەغدا بۆ ئەوەی پشتیوانی سیاسی بۆ پڕۆژەکە بەدەستبهێنێت."  

  

جەختیشیکردەوە، " لەم هەفتەیەدا ئەوە ڕووندەبێتەوە کە پڕۆژەکە چۆن تێدەپەڕێت و چ گۆڕانکارییەکی تیدا دەکرێت."