ناس کورد-
کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی ڕایگەیاند، دوو مووشەکی دوورمەودای ئێران، کە لە کاتی دوایین مانۆری سەربازیدا هەڵیدان، لە دووری 100 میل لە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری نیمیتزی ئەمریکا لە زەریای هندستان کەوتوونەتە خوارەوە، ئەوەش پێدەچێت گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زیاتر بکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەرپرسانی هێزی دەریایی ئەمریکا بە کەناڵەکەیان ڕاگەیاندووە، " مووشەکێک لە دووری 20 میل لە کەشتییەکی بازرگانی کەوتووەتە خوارەوە، هەروەها دوو مووشەکیش بەدووری 100 میل لە فڕۆکەهەڵگری نیمیتزی ئەمریکی کەووتەنەخوارەوە و پارچەی موشەکەکان گەیشتوونەتە نزیکیان."
بەرپرسێک ئاماژەی بەوەکردووە، پێشبینی ئەوەیان کردووە مووشەکەکان بتەقێنرێنەوه، بەڵام نیگەران بوون لەوەی کە ئێران تا چەند لە ئامادەباشی نزیک بوو بۆ ئەو کارە.
بەگوێرەی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران، هێزەکانی سوپای پاسداران، (شەممە 16ی کانوونی دووەمی 2021) لە کاتی مانۆر و مەشق و ڕاهێناندا چەندین مووشەکی بالیستیی دژە کەشتیی جەنگییان لە دەریای هیندی تاقیکردووەتەوە.
تاوەکو ئێستا بە فەرمی ئەمەریکا هیچ کاردانەوەیەکی لەوبارەیەوە نەبووە، بەڵام دوورنییە ئەو ڕووداوە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاتر بکات.