گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

لاهور شێخ جەنگی و مستەفا کازمی کۆبوونەوە.. باسی چییان کرد؟

2021.01.16 - 21:55
App store icon Play store icon Play store icon
لاهور شێخ جەنگی و مستەفا کازمی کۆبوونەوە.. باسی چییان کرد؟

ناس کورد-

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و پرسی بەشە بودجەی هەرێم و هەڵبژاردنەکانیان تاووتوێ کرد و هاوسەرۆکی یەکێتی پشتیوانیی حزبەکەی بۆ بڕگەکانی تایبەت بە هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجە دووپاتکردەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕایگەیاند،  لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 16ی کانوونی دووەمی 20211، لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە دیدارێکدا کە هەریەک لە ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا دەربارەی دوا پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکان و پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراقدا.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لاهور شێخ جەنگی  پشتیوانیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی دووپاتکردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو بڕگە یاسایەی کە تایبەتە بە پشکی کورد و شایستە داراییەکانی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2021 لە پێناو چارەسەرکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتییان و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

 

ئەوەش هاتووە، هاوکات داواشیکرد کە پشکی جوتیارانی هەرێم لەبەرچاو بگیرێت و وەک بەڵێنیان پێدرابوو کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت.

 

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا دەربارەی پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەو بارەیەوە لاهور شێخ جەنگی جەختیکردەوە لەسەر ڕەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو بە هەوڵی هەموو لایەنەکان و ڕاشیگەیاند، "هەر بڕیارێک لەلایەن حکومەت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە بدرێت وەک یەکێتی پشتیوانی دەکەین بۆ تەواوکردنی ئامادەسازییەکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و سەرکەوتنی پرۆسەکە."

 

داواشیکرد، سەرۆک وەزیران ڕۆڵی هەبێت لە دابینکردنی ئاسایش و  پاراستنی ئارامی زیاتر لە ناوچە دابڕێندراوەکان.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆتایی دیدارەکەدا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕی کە هاوکار و پشتیوان بێت و هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە پێناو سەقامگیری عێراق و پاراستنی مافی هاووڵاتییان لە چوارچێوەی دەستوری عێراق.