ناس کورد-
لەشاری هەولێر کەسیک بە جلوبەرگی پۆلیسەوە پارەی لە خەڵک وەردەگرێت و پۆلیسی هەولێریش دەڵێت، تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە و هیچ پەیوەندییەکی بە هێزەکانی پۆلیسەوە نییە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا (شەممە 16ی کانوونی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، " ڕۆژی پێنجشەممە هاووڵاتییەک سکاڵای لەسەر کەسێک تۆمارکرد کە بە جلوبەرگی پۆلیسەوە چووەتە ماڵیان و پارەی لێوەرگرتووە."
وتیشی، "دوای بەدواداچوون و لە ڕیگەی تۆمارە ڤیدیۆییەکان ڕاستی ڕووداوەکەمان بۆ دەرکەوت و لە هەمان ڕۆژدا ئەو کەسەمان دەستگیرکرد و دەرکەوت کە دوو حاڵەتی دیکەی لەوشیوەی ئەنجامداوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، " ئەو کەسە خەڵکی شاری هەولێرە و جلوبەرگی پۆلیسی پەیدا کردووە و بە جلوبەرگی پۆلیسی پلەدارەوە چووەتە لای ئەو خەڵک و پارەی لێوەرگرتوون."
جەختیشیکردەوە، " ئەو کەسە هیچ پەیوەندییەکی بە هێزەکانی ئەمنییەکانەوە نییە و لەئێستادا دەستبەسەرە و لێکۆڵینەوەکانیان لەگەڵیدا بەردەوامە."