گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمڕۆ وادەکەی کۆتایی دێت

هیچ لایەنێکی عێراقی کاندیدی بۆ هەڵبژاردنەکان پێشکەش نەکردووە

2021.01.16 - 15:15
App store icon Play store icon Play store icon
هیچ لایەنێکی عێراقی کاندیدی بۆ هەڵبژاردنەکان پێشکەش نەکردووە

ناس کورد-

سەرۆکى ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی عێراقی ڕایدەگەیەنێت، هێشتا لایەنە سیاسیەکان هیچ کاندیدیکیان بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکەى عێراق پیشکەش نەکردووە و ئەمرۆش وادەک کۆتایی دێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فەرهاد عەلائەدین، سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاوێژکاریی عێراقى لە تویتێکیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (16ى کانونى دووەمى 2021) ڕایگەیاندووە، "تا ئەمڕۆ بەپێى ئەو وادەیەى کە کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان دیاریکردووە هیچ لایەنێکى سیاسى کاندیدى خۆى پێشکەش نەکردووە و کۆمسیۆنیش لەسەر ئەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە ئایا ماوەکە درێژ دەکاتەوە و تاوەکو کەى دەبێت."

 

بۆ وەرگرتنی هەموو هەواڵ و بەپەلەکان، بچۆ کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام  

me_ga.php?id=2198

بەرپرسى ئەو دەزگایە دەشڵێت، دەبێت کۆمسياران زیاتر ڕوون و ڕاشکاوانەتر بێت چونکە ئەو بەرپرسیارێتیەى کەوتووەتە سەر شانیان قورسە و ئەوان لەناوەڕاستى زریانەکەدان.

 

ڕۆژی 6ی کانونی دووەمی ئەمساڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ تۆماری کاندید و لیستەکان کردەوە، دواین وادە ئەمڕۆ (16ی کانونی دووەمی 2021) بوو، بەڵام هێشتا هیچ ڕوونکردنەوەیەک لە کۆمسیۆنەکەوە بڵاونەکراوەتەوە.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسێکى نوێ بۆ سەرپەرشتیکردنى دۆسیەى هەڵبژاردنەکانى بە نوێنەرایەتى خۆى لە عێراق دامەزراند کە پێشتر ئەزموونى چاودێرێکردنى هەڵبژاردنەکانى هەبووە لەو وڵاتانەى ساختەی تێدا دەکرێت.  

  

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان (16ى کانونى دووەمى 2021)  ڕایگەیاند، بڕیاریانداوە ئەنگیبیۆرگ سۆلرۆن گیشلادوتێر وەکو نوێنەرى تایبەتى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروبارى سیاسى و هاریکارى هەڵبژاردنەکان لە عێراقدا دیارى بکەن.  

  

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، گیشلادوتێر دەچێتە شوێنەکەى ئەلیس ولبۆڵ و لە کۆتاى مانگى شوباتى داهاتوودا دەست بە کارەکانى دەکات.  

  

گیشلادوتێر پێتشر لە نوسینگەى دامەزراوە دیموکراتیەکان و مافی مرۆڤ و ڕێخراوی ئاسایش و هاریکاری لە ئەوروپا کاری کردووە، هاوکات سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکانی ئۆکرانیا.  

  

هەروەها  گیشلادوتێر پێشتر بەڕێوەبەرى دەستەیەکى سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کارووبارى ژنان لە ئەوروپا و ئاسیاى ناوەڕاست بووە، نوێنەرى وڵاتەکەى بووە لە تورکیا و ئەفغانستان و لەساڵانى نێوان 2007 بۆ 2009 وەزیرى دەرەوەى ئایسلەندا بووە.  

  

پێشتر ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆکی و حکومەت و سەرۆک کۆماردایە و  ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ بڕیارێکی فەرمیی لە بارەی دواخستنی هەڵبژاردنەکانەوە لەلایەن حکومەتەوە نەدراوە، ئەوەی دەوترێت تەنها بۆچوونی لایەنە سیاسییەکانە.  

  

 لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (15ی کانوونی دووەمی 2021) عەبدولحسێن ئەلیهنداوی، ڕاوێژکاری مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاندووە، "کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پشتگیریکردن لە هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی داهاتوو لە بواری چاودێریدا".     

  

هینداوی ئەوەشی خستووەتەڕوو، فواد حسێن، وەزیری دەرەوە لەگەڵ باڵیۆزانی ئەمەریکا، بەریتانیا و فەرەنسا، پرسی چاودێری نێودەوڵەتی هەڵبژاردنەکان و ئامادەباشی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ پشتگیریکردن لە هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بواری چاودێریدا تاوتوێ  کردووە".    

  

ڕاوێژکارەکەی کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، "دیارکردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە دەسەڵاتی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکایەتی کۆمار دایە، نەک  کۆمسیۆن، کۆمسیۆن خشتەیەکی کاتی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دیاریکردووە، بەڵام هەندێک هێز بەرهەڵستییان کردووە و داوایان کردووە پێداچوونەوە بەماوەی ڕۆژی تۆمارکردنی قەوارە و هاوپەیمانیەتیەکاندا بکرێت بۆ ئەوەی چانسی گەورەتریان هەبێت".    

  

ئەوەشی وتووە، "بەشێک لایەنە سیاسییەکان پێیانوایە، ئەو ماوەیەی کە دیارکراوە بۆتۆمارکردنی کاندید و هاوپەیمانیەتی، بەس نییە و دەبێت درێژ بکرێتەوە، بۆیە  سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری داوای لە کۆمسیۆن کردووە  ڕوونکردنەوەیەکی ڕاستەقینە لەسەر ئەو پرسە بدات و ئایا دەتوانن ئەو کارە بکەن یان نا ؟.    

  

 وتیشی، "دواخستنی وادەی هەڵبژاردنەکان بۆچوونی هەندێک هێزی سیاسییە، کە پێگەی فەرمی نییە".    

  

عالیە نوسەیف، ئەندامی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق (15ی کانوونی دووەمی 2021) لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، "ڕۆژی شەممە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەک لەگەڵ لایەنەکاندا ئەنجامدەدات و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەدرێت."      

  

ماوەی چەند ڕۆژێکە مشتومڕی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە شەشی حوزەیرانی داهاتوو ئەنجامبدرێت گەرمە، بەڵام لێدوانەکان لەو بارەیەوە جیاوازن و تاوەکو ئێستا بە فەرمی بڕیار لەوبارەیەوە نەدراوە.      

  

ڕۆژی پێنجشەممە چوار سەرۆکایەتییەکەى عێراق (14ی کانوونی دووەمی 2021) کۆبوونەوە و پشتیوانى خۆیان دووپاتکردەوە بۆ ئامادەکارییەکانى کۆمسیۆن  بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن، دەرکردنى یاساى دادگاى فیدراڵى و خۆهەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانیش بە دوو هەنگاوى پێویست دادەنێن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن.       

  

چاپی لەندەنی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە راپۆرتێكدا (هەینی 15 كانونی دووەم 2021) كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە، باسی لەوەكردووە لە کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکە، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، فایەق زەیدان داوای كردووە وادەیەكی واقیعی بۆ هەڵبژاردنەكان دیاری بكرێت لەكاتێكدا سەرۆكی حكومەت مستەفا كازمی، شەشی حوزەیرانی داهاتووی دیاری كردووە.       

  

راپۆرتەكە باس لەوەش دەكات سەرباری پابەندی حكومەت بەسازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە لەوادەی دیاریكراودا، بەڵام زۆر لەمپەر و رێگری هونەری و یاسایی هەن لەبەردەم وادەی دیاریكراودا بەشێكیشی پەیوەندی بە كۆمسیۆنەوە هەیە كە دادوەرەكان بەڕێوەی دەبەن لە ئێستادا و لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە پاڵێوراون.      

  

شەرقولئەوسەت باس لەوە دەكات سڕبوونی دادگای فیدراڵی بەهۆی خانەنشین بوونی ئەندامانییەوە لەمپەرێكی سەرەكییە و پەسەندكردنی یاسای دادگاكەش پێویستی بە 2/ 3 دەنگی پەرلەمانە، ئەوەش لەسایەی ململانێی لیستەكاندا ئاسان نییە، ئەگەریش تا چوار مانگیتر ئەو یاسایە پەسەند نەكرێت ئەوە سازكردنی هەڵبژاردن مەحاڵە چونكە دەستور بەمەرجی گرتووە دادگای فیدراڵی ئەنجامەكان پەسەند بكات.       

  

رۆژنامەكە ئەوەش دەخاتەڕوو گرفتێكیتر هەیە پەیوەستە بە ئامادەیی پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی دوو مانگ بەر لە هەڵبژاردنەكان بەپێی مادەی 64 دەستور، ئەمەش هەنگاوێكی ئاسان نییە، چونكە پەرلەمانتاران ئامادەنین دەستبەرداری ئیمتیازاتی خۆیان ببن.