گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

هەنگاو: هاوڵاتییەک بەهۆی ئەشکەنجەى هێزە ئەمنییەکانی کرمانشان گیانی لەدەستدا

2021.01.16 - 11:27
App store icon Play store icon Play store icon
هەنگاو: هاوڵاتییەک بەهۆی ئەشکەنجەى هێزە ئەمنییەکانی کرمانشان گیانی لەدەستدا

ناس کورد-

هاوڵاتییەکی خەڵکی شاباد لە پارێزگای کرماشان پاش دەستبەسەرکرانی و بەهۆی لێدان و ئەشکەنجە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کرماشانەوە چووبووە حاڵەتی بێهۆشی، دوای چەند ڕۆژێک گیانی لەدەستدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست "ناس کورد" کەوتووە (16ی کانونی دووەمی 2021) ڕایگەیاندووە، دوێنێ هەینی بەهمەن عوقابیی تەمەن 35 ساڵ کە خەڵکی گوندی "چەقاجەنگا"ی سەر بە شاری شابادی پارێزگای کرماشان بوو لە نەخۆشخانەی خومەینیی ئەو شارە گیانی سپارد، بەهمەن ماوەیەک لەمەوبەر بەهۆی لێدان و ئەشكەنجەی هێزە ئەمنییەکانی کرماشانەوە چووبووە حاڵەتی بێهۆشی تەواوەتی.


پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی بە بنەماڵەی عوقابییان وتووە "کوڕەکەیان بە هۆی خواردنی حەبی ترامادۆڵەوە چووتە ناو کۆما" بەڵام بنەماڵەی بەهمەن عوقابی ڕایانگەیاندبوو کە کوڕەکەیان تەنانەت جگەرەشی نەدەکێشا.


بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عوقابی، عێزەتووڵلا عوقابیی باوکی بەهمەن سکاڵای لە دژی هێزەکانی ئاسایش تۆمارکردووە بەڵام بە کردەوە هیچ بەدواداچوونێک نەکراوە و داواکاری گشتیی کرماشانیش تەنیا داوای دۆسیەی نەخۆشخانەکەی کردووەو هیچ جۆرە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەیەک لە هێزەکانی ئاسایش نەکراوە.


ڕۆژی 14ی تشرینی دووەمی 2019، بە تۆمەتی کوشتنی سێ ئەندامی بنەماڵەیەک (هاوسەری پێشووی، مناڵەکەی و دایکی هاوسەری پێشووی) هەڵهاتبوو، بەڵام ڕۆژی ڕۆژی پێنجشەممە 31ی کانونی یەکەمی 2020 داواکاری گشتیی شاباد و فەرماندەی پۆلیسی کرماشان بڵاویانکردەوە کە ئەو تۆمەتبارە پاش ساڵێک لە شاری تاران دەستبەسەرکراوە.


بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی 2020دا لانیکەم چوار بەندکراو بە ناوەکانی (خەلیل مورادی خەڵکی جوانڕۆ، سەید کەماڵ حوسێنی خەڵکی سەقز، دانیال زەینولعابدین خەڵکی مەهاباد و فەرهاد وسووقی خەڵکی هەرسین) لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانەکانی کرماشان، سەقز، میاندواو و خوڕەمئاوا گیانیان لە دەستداوە.