ناس كورد ـ
پێشبینی دەكرێت لەشەوی یەکشەممە لەسەر دووشەمەوە ھەرێمی کوردستان بکەوێتەوە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی مامناوەند و پچر پچری بەفر و بارانبارینەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەكۆی "كەش و هەوای هەرێمی كوردستان"، لە شیكارێكدا (15 كانونی دووەمی 2021) كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە، باس لەوە دەكات ئەو شەپۆلە کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی ھەردوو سەرچاوەی دەریای رەش _ ناوەراستی لەسەرە و تا رۆژی سێشەمە 19 كانون، قۆناغی یەکەمی بەردەوامی دەبێت و بەفر بارین زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە.
هەر بەپێی پێشبینییەكانی شارەزایانی كەشناسی قۆناغی دووەمی شەپۆلەكە لەرۆژانی چوارشەمە و پێنجشەمەی كۆتایی هەفتە دەستپێدەکاتەوە لەھەمان سەرچاوەی دەریای ناوەراست - رەش کاریگەری بارستە ھەوایەکی ساردیشی لەگەڵ دەبێت و پلەکانی گەرما بەرێژەی ٦ بۆ ١٠ پلەی سلیزی نزمدەکاتەوە.
سەرچاوە كەشناسییە ناوخۆیی و عێراقییەكان ئاماژە بەوەدەكەن لەم شەپۆلەی چارەكی سێیەمی مانگی كانونی دووەم پێشبینی دەكرێت بەفربارین سەرجەم ناوچە شاخاوییەکان و بەشێکی زۆری سەنتەری شارەکانی هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە و ھاوکات تا بەرزی ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ مەتر لە ئاستی رووی دەریا ئەگەری بەفر بارین کراوە دەبێت و لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەمە ٢١ی١ی٢٠٢١ کاریگەری شەپۆلەكە کۆتای پێدێت و ساردترین رۆژگارەكانی ساڵ دەست پێ دەكات لە شێوەی وشكە سەرما و بەستەڵەك.