ناس کورد-
پارێزگارى هەولێر بە وەکالەت سەردانى شوێنى ڕوداوى تەقەکردن لە سەروپێخانەیەک کرد و رایگەیاند، ڕێگە نادەن تاوانباران لەدەست یاسا ڕزگاریان بێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە راگەیەندراوێکى پارێزگاى هەولێردا (15ى کانوونى دووەمى 2021) کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژە بەوە کراوە " هێمن قادر پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت لەگەڵ نەبەز عەبدولحەمید قایمقامى هەولێر سەردانى شوێنى ڕوداوەکەیان کردووە و رایانگەیاندووە کە وەک پارێزگای هەولێر بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین ئەو تاوانبارانە لە دەست یاسا رزگاریان بێت کە بەم شێوەیە هەڵبکوتنە سەر ماڵ و موڵکی خەڵک، ئارامی و ئاسایشی شار بشوێنن و دەستدرێژی بکەنە سەر کاسبکاران".
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، پارێزگارى هەولێر بە وەکالەت وتویەتى :دڵنیابن هێزەکانمان لە ئاسایش و پۆلیس دەستکراوە کردووە لەئیجرائات وەرگرتن و دەستگیرکردنی تاوانباران لە زووترين كاتدا، هەرچی بە ئێمەش بکرێت بۆ هاوکاری و پاڵپشتیتان وەک پارێزگای هەولێر ئامادەین".
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ (هەینی 15ی کانوونی دووەمی 2021) لەشاری هەولێر، چەند کەسێک دەچنە چێشتخانەیەک بۆ نان خواردن، بەوتەی خاوەنی چێشتخانەکە، پێێان وتراوە خواردن نەماوە، بەڵام ئەوان قسەی نەشیاویان بەرامبەر شاگردەکانی کردووە و بووە بە دەمەقاڵی و شەڕ.
خاوەنی چێشتخانەکە دەڵێت، "ئێمە زوو خواردنمان نامێنێت، من و کوڕەکەم لە شوێنێکیتر نانمان دەخوارد، بەپەلە هاتینەوە چێشتخانەکە و ناوبژیمان کرد، هەرچەند یەکێک لەو کەسانە چەکی ڕاکێشا، بەڵام دەستیمان گرت و نەمانهێشت تەقە بکات، ڕۆشتن وتیان دەچین چەک دەهێنین و ئێمەش چووین لە پۆلیس سکاڵامان تۆمارکرد."
ئاماژە بەوەشدەکات، "دوای کەمێک گەڕانەوە و زیاتر لە 500 فیشەکیان بە سێ چێشتخانەی تەنیشت یەکەوە ناوە کە تایبەتن بە سەروپێ و هەڵهاتوون، بەهۆی ئەوەی کەس لە چێشتخانەکاندا نەبووە و زیانی گیانی نەبووە، ئەگەر خەڵکی تێدا بووایە زیاتر لە 10 کەس دەکوژران، بەڵام زیانێکی مادی زۆری لێکەوتووەتەوە."
شایەتحاڵێکی ڕووداوەکە باس لەوەدەکات، "ڕووداوی لەوشێوەیە و دەمەقاڵی زۆر دروستدەبێت، دوو ڕۆژ پێش ئێستا دوو کەس هاتن نانیان خوارد و چایان خوارد و بە عەنتەریات پارەیان نەدا و ڕۆشتن، چەندین جاری دیکەش ڕووداوی هاوشێوە ڕوویداوە."
بەوتەی خاوەنی چێشتخانەکە، ئەوان کێشەیان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە و داواشدەکەن هێزە ئەمنییەکان هاوکاریان بکەن و تۆمەتباران دەستگیربکەن.