ناس کورد-
ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى یەکێتى گومان لە ڕاپۆرتەکانى دیلیۆت لەبارەى نەوتى هەرێمى کوردستانەوە دەکات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەوان تەنها وردبینى لە ژمارە دەکەن نەک لە داتاى راستەقینە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کاروان گەزنەیى، ئەندامى لیژنەى وزە و سامانە سروشتییەکان و پەرلەمانتارى یەکێتى (15ى کانوونى دووەمى 2021) لە میانەى بڵاوکردنەوەى بابەتێک لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوە کرد کە دوو تێبینى و سەرنجیان لەبارەى راپۆرتەکانى دیلیۆت لەبارەى نەوتى هەرێمى کوردستانەوە هەیە.
گەزنەیى رونیدەکاتەوە، ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت جێگەی گومانن چونکە دیلۆیت تەنها وردبینی لە ژمارە دەکات نەک لە داتای ڕاستەقینە؛ واتا هەرچەندە دیلۆییت یەکێکە لە چوار کۆمپانیا گەورەکەی دنیا لە بواری وردبینی، بەڵام ئەکسێسی ڕاستەوخۆیی نییە لە مەجالی نەوت و کێڵگەکان- دیلۆیت تەنها لەگەڵ ئەوژمارانە مامەڵە دەکات کە لە حکومەت وەری دەگرێت.
لە تێبینى و سەرنجى دووەمیاندا پەرلەمانتارەکەى یەکێتى ئاماژە بەوە دەکات کە "مادام تاکە سەرچاوەی بەدەستهێنانی زانیاری دیلۆیتە؛ با هەڵوەستەیەک بکەین. هەمدیس لە کۆی زیاتر لە (٣) ملیار دۆلار لە داهاتی نەوت، نزیکەی (١.٥) ملیار و نیوێک چووەتە گیرفانی کۆمپانیاکان!! واتا بەهای کۆست ڕیکەڤەری بە هەمان ئەندازەی ساڵانی پێشووە کە ئەمە کارەساتە!! ".
كۆمپانیای (دیلۆیت)ی سەبارەت بە وردبینی كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان-عێراق ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەماوەی نۆ مانگی سەرەتای ساڵی 2020، هەرێمی کوردستان بەبڕی 3 ملیار و 176 ملیۆن و 136 هەزار و 721 دۆلاری فرۆشتووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت کە ئەمڕۆ (هەینی 15ی کانوونی دووەمی 2021) بڵاویکردووەتەوە، دوای دەرکردنی پارەی حەقدەستی کۆمپانیاکانی نەوت و تێچووەکانی دیکە ئەو بڕەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە 1 ملیار و 831 ملیۆن و 781 هەزار و 964 دۆلار بووە.
ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت:
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە گفتوگۆیەکى تەلەفزیۆنیدا (پێنجشەممە 14ى کانونى دووەمى 2020) ئاماژەى بەوەداوە، نرخى نەوت لە 55 دۆلار جێگیر دەبێت و لە کیشوەرى ئاسیادا نەوتى عێراق بەرزترین نرخى هەیە و نەوتى بەسڕە بە بەرزترین نرخى دەفرۆشرێت کە بەرمیلى 55 دۆلارە.
ئاماژەى بەوەشداوە، تێچووى بەرهەمهێنانى یەک بەرمیل نەوت لە هەرێمى کوردستان 20 دۆلارە، هەرێم پابەند نییە بە کەمکردنەوەى نەوتى عێراق بەپێى ڕێککەوتنى ڕێکخراوى "ئۆپێک+" كە پشکى عیراق ڕۆژانە 2 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیلە.
وەزیرى نەوتى عێڕاق جەختلەوەشدەکاتەوە، سەروەتى نەوت لە هەرێمى کوردستان لە بەرژەوەندى گشتیدا نییە و پێویستە بڕیارێکى سیاسى هەبێت و بابەتى نەوتى هەرێم یەکلایى بکاتەوە، دەشڵێت، " زیادبوونى نرخى نەوت دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى کوردتهێنان و پابەندبوون بە پشکى پترۆدۆلارەوە بۆ ئەو پارێزگایانەى شایستەن".