گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە

سبەی كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە لەبەغدا بەڕێوەدەچێت

2021.01.15 - 14:19
App store icon Play store icon Play store icon
سبەی كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە لەبەغدا بەڕێوەدەچێت

ناس کورد-

ئەندامێکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سبەینێ شەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنەکاندا کۆدەبێتەوە و تیایدا وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دیاریدەکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عالیە نوسەیف، ئەندامی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق (هەینی 15ی کانوونی دووەمی 2021) لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، "سبەینێ شەممە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەک لەگەڵ لایەنەکاندا ئەنجامدەدات و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەدرێت."

 

ماوەی چەند ڕۆژێکە مشتومڕی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە شەشی حوزەیرانی داهاتوو ئەنجامبدرێت گەرمە، بەڵام لێدوانەکان لەو بارەیەوە جیاوازن و تاوەکو ئێستا بە فەرمی بڕیار لەوبارەیەوە نەدراوە.

 

چوار سەرۆکایەتییەکەى عێراق (پێنجشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2021) کۆبوونەوە و پشتیوانى خۆیان دوپاتکردەوە بۆ ئامادەکارییەکانى کۆمسیۆن  بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن، دەرکردنى یاساى دادگاى فیدراڵى و خۆهەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانیش بە دوو هەنگاوى پێویست دادەنێن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن. 

 

چاپی لەندەنی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە راپۆرتێكدا ئەمڕۆ (هەینی 15 كانونی دووەم 2021) كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە، باسی لەوەكردووە لە کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکە، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، فایەق زەیدان داوای كردووە وادەیەكی واقیعی بۆ هەڵبژاردنەكان دیاری بكرێت لەكاتێكدا سەرۆكی حكومەت مستەفا كازمی، 6 حوزەیرانی داهاتووی دیاری كردووە. 

 

راپۆرتەكە باس لەوەش دەكات سەرباری پابەندی حكومەت بەسازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە لەوادەی دیاریكراودا، بەڵام زۆر لەمپەر و رێگری هونەری و یاسایی هەن لەبەردەم وادەی دیاریكراودا بەشێكیشی پەیوەندی بە كۆمسیۆنەوە هەیە كە دادوەرەكان بەڕێوەی دەبەن لە ئێستادا و لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە پاڵێوراون.

 

شەرقولئەوسەت باس لەوە دەكات سڕبوونی دادگای فیدراڵی بەهۆی خانەنشین بوونی ئەندامانییەوە لەمپەرێكی سەرەكییە و پەسەندكردنی یاسای دادگاكەش پێویستی بە 2/ 3 دەنگی پەرلەمانە، ئەوەش لەسایەی ململانێی لیستەكاندا ئاسان نییە، ئەگەریش تا چوار مانگیتر ئەو یاسایە پەسەند نەكرێت ئەوە سازكردنی هەڵبژاردن مەحاڵە چونكە دەستور بەمەرجی گرتووە دادگای فیدراڵی ئەنجامەكان پەسەند بكات. 

 

رۆژنامەكە ئەوەش دەخاتەڕوو گرفتێكیتر هەیە پەیوەستە بە ئامادەیی پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی دوو مانگ بەر لە هەڵبژاردنەكان بەپێی مادەی 64 دەستور، ئەمەش هەنگاوێكی ئاسان نییە، چونكە پەرلەمانتاران ئامادەنین دەستبەرداری ئیمتیازاتی خۆیان ببن. 

 

جومانە غلاى، وتەبێژى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان بە ئاژانسى هەواڵى فەرمى عێراقییەى راگەیاندبوو، لە کۆبوونەوەى سەرۆکایەتیەکان لەگەڵ کۆمسیۆن و نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان، گفتوگۆ لەسەر ئاڵنگاریەکانى بەردەم پرۆسەکە کراوە و کۆمسیۆن لە ڕووى هونەرییەوە ئامادەیە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەکاتى خۆیدا کە 6 ی حوزەیران (6) ی ئەمساڵە. 

 

وتەبێژى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان ئەوەشى رونکردوەتەوە، کۆمسیۆن داواى دواخستنى هەڵبژاردنى نەکردوە بۆ مانگى ئەیلولى داهاتوو.  

 

پێشتر محەمەد خالیدى، سەرۆکى کوتلەى پەرلەمانى عێراق ئەوەى ئاشکراکردبوو، کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان بە چوار سەرۆکیەتییەکەى عێراقى ڕاگەیاندووە، ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەکاتى دیاریکراودا ئەستەمە.