ناس كورد_
تویژینەوەیەكی ئەكادیمی چوار سیناریۆی ئایندەیی لەبارەی چاره‌سه‌ری په‌یوه‌ندییه داراییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا دەخاتەڕوو لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر پێویستیی رادەستكردنی بڕێك لەنەوتی هەرێم بە بەغدا بۆ كۆتاییهێنان بەشێوازی "مقاصة".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
توێژینەوەكە كە "جەهانگیر گوڵپی" بۆ گۆڤاری (ئایندەناسی) ئامادەكردووە كە سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی، بەشێوەی وەرزی دەریدەكات و "ناس كورد" خوێندنەوەی بۆ كردووە (15 كانونی دووەم 2021)، جەخت دەكاتەوە لەوەی پێویسته هه‌رێم واز له پهیڕەوكردنی شێوازی (مقاصه) له به‌شدرایكردن له پێكهێنانی داهاته‌كانی عێراق بهێنێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به هه‌ر جۆرێك بێت بڕێك له نه‌وته‌كه‌ی ڕاده‌ستی به‌غدا بكات بۆ هه‌نارده‌كردنی له ڕێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆوه.
توێژینەوەكە باسی ئەوەشی كردووە باشتره ئه‌و نەوتەی رادەست دەكرێت به ڕێژەیهك له نه‌وتی هه‌رێم دیاری بكرێت، بۆ نموونه 50% یان 60%-ی بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، یان داهاته‌كه‌ی ڕاسته‌وخۆ له ڕێگه‌ی بانكه‌وه بخرێته سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی یان وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق.
توێژینەوەكە چوار سیناریۆیە لەبارەی ئایندەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا دەخاتەڕوو كە ئەمە پوختەكەیانە:
سیناریۆی یه‌كه‌م: بنیاتنان و كاركردن به سیستمی فیدڕالیه‌تی دارایی
واته به‌رقه‌راركردنی هاوبه‌شی و سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كگرتوویی وه‌ك سێ بناغه‌ی سیستمی فیدڕالیه‌ت، به جۆرێك كه هه‌رێمه‌كان سه‌ربه‌خۆیی داراییان هه‌بێت، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری و یاسایی و بابه‌تی به‌شدار بن له پێكهێنانی داهاته فیدڕالییه‌كان، سوودمه‌ند بن له بودجه‌ی گشتی و قه‌رزه گشتییه‌كان و سوودوه‌رگرتن له یه‌ده‌گی نه‌ختی و سیاسه‌ته دارایی و نه‌ختی و بازرگانییه‌كانی حكومه‌تی فیدڕالی و پابه‌ند بن به به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانیان، ئه‌مه‌ش له مه‌ودای نزیك و مامناوه‌ندیدا بۆ عێراق ئه‌سته‌مه، واته ئه‌م سیناریۆیه ئه‌گه‌ری جێبه‌جێبوونی له مه‌ودای نزیك و مامناوه‌ندیدا زۆر لاوازه.
سیناریۆی دووه‌م: گه‌ڕانه‌وه‌ی عێراق بۆ سیستمی ناوه‌ندی و حوكمی ڕەها
ئه‌مه ویستی به‌غدا و به‌شی زۆری هێزه عیراقییه‌كانه، به‌ڵام ته‌نیا به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان، چونكه ده‌زانن كه گه‌ڕانه‌وه‌ی حوكمی ڕەها و ناوه‌ندگه‌رایی توند بۆ دۆخی ئێستای عێراق ده‌ست نادات و عێراق ئه‌و قۆناغه‌ی تێپه‌ڕاندووه، ئه‌م بژارده‌یه له‌لایه‌ن هێزه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیشه‌وه په‌سه‌ند كرا‌و نییه، سه‌باره‌ت به هه‌رێمی كوردستانیش نه‌ك هه‌ر قبووڵنه‌كراوه، به‌ڵكوو ته‌نها له ڕێگه‌ی ڕوودانی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌وه ئه‌گه‌ری هاتنه‌دیی هه‌یه، كه ئه‌ویش ده‌بێته‌وه به سه‌رچاوه‌ی ئاژاوه و كاره‌ساتی به‌رده‌وام، واته چانسی ئه‌م سیناریۆیه‌ش ته‌واو لاواز و دووره.
سیناریۆی سێیه‌م: هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق و جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێم
كاتێك ئه‌گه‌ری به‌رقه‌راربونی فیدڕالیزمی ڕاسته‌قینه زۆر لاواز بێت و چانسی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوهندگهراییش به‌و شێوه‌یه بێت، ئیدی ته‌نها دوو ڕێگه ده‌مێنن، ئه‌وانیش یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی عێراق و جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێم، یان پێكه‌وه‌هه‌ڵكردنی كاتی تا ماوه‌یه‌كی تر. چانسی به‌دیهاتنی ئه‌م سیناریۆیه‌ش له مه‌ودای نزیكدا، چانسێكی زۆر لاوازه لەبەر زۆر هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی.
سیناریۆی چواره‌م: به‌رده‌وامیدا به پێكه‌وه هه‌ڵكردن
له سۆنگه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی چانسی ئه‌و سیناریۆیانه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌توانین بڵێین له مه‌ودای نزیكدا جارێكی تر سیناریۆی پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن تا ماوه‌یه‌كی تر له هه‌موو سیناریۆكانی تر؛ چانسی به‌هێزتری هه‌یه. تا ئەو كاتەی هه‌رێمی كوردستان به‌شێك بێت له عێراق، پێویسته په‌یوه‌ندییه داراییه‌كان به‌شێكی بنهڕەتی له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پێك بهێنن، له ڕووی ئابوورییه‌وه قسه‌كردن له بابه‌تی پشتبه‌خۆبه‌ستنی ته‌واو و ده‌ستبه‌ردان یان بێباكبوونی هه‌رێمێك له حكومه‌تی فیدڕالی؛ قسه‌كردنێكی بابه‌تی و ورد نییه، ئه‌مه‌ش لانی كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاته‌كانی دراو و یه‌ده‌گ و سیاسه‌تی نه‌ختی و قه‌رزوقۆڵه و به‌شێكی زۆری ئامرازه‌كانی سیاسه‌تی دارایی و بانكداری و بازرگانیی ده‌ره‌كی “كه گرنگترین ئامرازه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری و شاده‌ماری بزاوتی ئابوورین”، قۆرغی ده‌سه‌ڵاته تایبه‌ته‌كانی حكومه‌تی فیدڕالین.
توێژینەوەكە ئەوەش دەخاتەڕوو؛ هه‌ریه‌ك له ئه‌مه‌ریكا و ده‌وڵه‌تانی ئه‌ورووپا و ده‌یان ده‌وڵه‌تی تریش، له ناویاندا ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی فیدڕالی، له كاتی قه‌یرانه‌كاندا هه‌ر لە ڕێگه‌ی قه‌رزی گشتی و پشتبه‌ستن به یه‌ده‌گی نهختییهوه، كورتهێنانه گه‌وره‌كانیان پڕ ده‌كه‌نه‌وه و كاشی پێویست بۆ حكومه‌ت و بازاڕ ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن، هیچ یه‌ك له حكومه‌تی هه‌رێمه‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش به‌بێ سوودمه‌ندبوون له قه‌رزی گشتی و یه‌ده‌گی نه‌ختی و سیاسه‌ته نه‌ختی و داراییه‌كانی ناوه‌ند ناتوانن كاروباره داراییه‌كانیان وه‌ك پێویست به‌ڕێوه ببه‌ن.