گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەربارەی هەڵبژاردنەكانە

نهێنییەك لە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتییەكانی عێراق ئاشكرا كرا

2021.01.15 - 12:04
App store icon Play store icon Play store icon
نهێنییەك لە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتییەكانی عێراق ئاشكرا كرا

ناس كورد_

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت نهێنییەكی رانەگەیەنراوی كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئێوارەی پێنج شەممە بڵاوكردەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

رۆژنامەكە كە لەشاری لەندەن دەردەچێت، لە راپۆرتێكدا ئەمڕۆ (15 كانونی دووەم 2021) كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە، باسی لەوەكردووە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق فایەق زەیدان لە كۆبوونەوەكە داوای كردووە وادەیەكی واقیعی بۆ هەڵبژاردنەكان دیاری بكرێت لەكاتێكدا سەرۆكی حكومەت مستەفا كازمی، 6 حوزەیرانی داهاتووی دیاری كردووە.

 

راپۆرتەكە باس لەوەش دەكات سەرباری پابەندی حكومەت بەسازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە لەوادەی دیاریكراودا بەڵام زۆر لەمپەر و رێگری هونەری و یاسایی هەن لەبەردەم وادەی دیاریكراودا بەشێكیشی پەیوەندی بە كۆمسیۆنەوە هەیە كە دادوەرەكان بەڕێوەی دەبەن لە ئێستادا و لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە پاڵێوراون.

 

شەرقولئەوسەت باس لەوە دەكات سڕبوونی دادگای فیدراڵی بەهۆی خانەنشین بوونی ئەندامانییەوە لەمپەرێكی سەرەكییە و پەسەندكردنی یاسای دادگاكەش پێویستی بە 2/ 3 دەنگی پەرلەمانە، ئەوەش لەسایەی ململانێی لیستەكاندا ئاسان نییە، ئەگەریش تا چوار مانگیتر ئەو یاسایە پەسەند نەكرێت ئەوە سازكردنی هەڵبژاردن مەحاڵە چونكە دەستور بەمەرجی گرتووە دادگای فیدراڵی ئەنجامەكان پەسەند بكات.

 

رۆژنامەكە ئەوەش دەخاتەڕوو گرفتێكیتر هەیە پەیوەستە بە ئامادەیی پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی دوو مانگ بەر لە هەڵبژاردنەكان بەپێی مادەی 64 دەستور، ئەمەش هەنگاوێكی ئاسان نییە، چونكە پەرلەمانتاران ئامادەنین دەستبەرداری ئیمتیازاتی خۆیان ببن.

 

جومانە غلاى، وتەبێژى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان بە ئاژانسى هەواڵى فەرمى عێراقییەى راگەیاندبوو، لە کۆبوونەوەى سەرۆکایەتیەکان لەگەڵ کۆمسیۆن و نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان، گفتوگۆ لەسەر ئاڵنگاریەکانى بەردەم پرۆسەکە کراوە و کۆمسیۆن لە ڕووى هونەرییەوە ئامادەیە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەکاتى خۆیدا کە 6 ی حوزەیران (6) ی ئەمساڵە.

 

وتەبێژى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان ئەوەشى رونکردوەتەوە، کۆمسیۆن داواى دواخستنى هەڵبژاردنى نەکردوە بۆ مانگى ئەیلولى داهاتوو. 

 

پێشتر محەمەد خالیدى، سەرۆکى کوتلەى پەرلەمانى عێراق ئەوەى ئاشکراکردبوو، کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان بە سێ سەرۆکیەتییەکەى عێراقى ڕاگەیاندووە، ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەکاتى دیاریکراودا ئەستەمە.

 

سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق پشتیوانى خۆیان دوپاتکردەوە بۆ ئامادەکارییەکانى کۆمسیۆن  بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن، دەرکردنى یاساى دادگاى فیدراڵى و خۆهەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانیش بە دوو هەنگاوى پێویست دادەنێن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن.  

  

بەپێی بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکە لە ئێوارەی پێنج شەممە (14 كانونی یەكەم) کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە، کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ پێنج شەممە بەبەشدارى بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار، مستەفا کازمى سەرۆک وەزیران، محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان، فایەق زێدان سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەرى، سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى کۆمسیاران و جینین بلاسخارت نێردەى تایبەتى ئەمیندارى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەچوو.  

  

ئاماژە بەوەشکراوە، لەکۆبوونەوەکەدا کۆمسیۆن کارەکان و خشتەى کاتى تایبەت بە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەى خستووەتەڕوو، لەگەڵ خستنەڕووى پابەندبوونەوەکانى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پاک و دادپەروەر، چڕکردنەوەى هەوڵەکانى بۆ تەواوکردنى پڕۆسەى بایۆمەترى دەنگدەران، هەماهەنگى بۆ گرەنتى چاودێرى نێودەوڵەتى کارا.