گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’هەڵسوڕاوى زەحمەتکێش’’

پەیامێک لە وتەبێژى گۆڕانەوە لەبارەى هەڵسوڕاوە ناڕازییەکان

2021.01.14 - 19:10
پەیامێک لە وتەبێژى گۆڕانەوە لەبارەى  هەڵسوڕاوە ناڕازییەکان

ناس کورد-

 

عەدنان عوسمان وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان دەستخۆشى لەو هەڵسوڕاوانە دەکات کە ئەمڕۆ ناڕەزایی خۆیان بەرانبەر سیاسەتەکانى بزوتنەوەکە دەربڕى و داواى دەستلەکارکێشانەوەى بەرپرسانى بزوتنەوەکەیان کرد.

 

عەدنان عوسمان لە لاپەڕەى خۆى لە فەیسبوک (پێنجشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2021) کە "ناس کورد" بینیویەتى نوسیویەتى "ئەمڕۆ کۆمەڵێک هەڵسوڕاوی زەحمەتکێشی دڵسۆز ویستیان سەردانی گۆڕی کاک نەوشیروان بکەن و لەوێوە پەیامێک ئاراستەی خانەی راپەڕاندن بکەن، بەداخەوە بەدەر لە ویستی ئێمە رێگەیان پێنەدرابوو ویستەکەیان جێبەجێ بکرێت".

 

ئاماژەى بەوەشکردووە "ئەرکی خانەو ئۆرگانەکانی گۆڕانە گوێ لە رەخنەو سەرنج و دیدگای جیاوازی هەڵسوڕاوان بگرێت. هەنگاوی دروست و ئسوڵی لە پێناو بەهێزکردن و هەستانەوەی گۆڕان دەرگاکردنەوەیە بەروی دیالۆگێکی ناوخۆیی بەرهەمدار و بێمەرج".

 

عەدنان عوسمان بەیاننامەکەى ناڕازییەکانى لە هەژمارەکەى لە فەیسبوک بڵاوکردووەتەوە  و نوسیویەتى "وەک دەستخۆشیەک بۆ ئەو دەستپێشخەری وخەمخۆریەی ئەو هەڵسوڕاوە ئازیزانە، سەرباری تێبینیم لەسەر هەندێ بڕگەی بەیانەکەیان، وا لێرەدا دایئەنێم. بەو هیوایەی گۆڕان و رابەرایەتیەکەی، دەست بگرێت بەو نەریتە نەوشیروانیە قوڵەی رێزگرتن لە جیاوازیەکان ، دەرگا دانەخستن بەروی بۆچون و ئیجتیهادی تر".

 

ژمارەیەک هەڵسوڕاوى گۆڕان کە خۆیان وەک ناڕازییەکانى بزوتنەوەکە ناساند ناڕەزایی خۆیان بەرانبەر سیاسەتەکانى ئێستاى بزوتنەوەکە ئاشکراکرد و داواى دەستلەکارکێشانەوەى بەرپرسانى بزوتنەوەکە دەکەن.  

  

ئەو کەسانە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا (پێنجشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2021) لەبەردەم مەکۆى سەرەکى گۆڕان لە گردى زەرگەتە لە سلێمانى کە پەیامنێرى "ناس کورد" ئامادەبوو رایانگەیاند "بزوتنەوەکە لەڕێبازى نەوشیروان مستەفا و ئەو بنەمایانەى کەبزوتنەوەکەى لەسەر دامەزرا لایداوە".  

  

هەروەها داوایان لەبەرپرسانى گۆڕان کرد دەستلەکاربکێشنەوە و بزوتنەوەکە رادەست لیژنەیەکى کاتى بکرێت تا هەڵبژاردنى رێکخەر و سەرکردایەتى نوێ.  

  

لەبەیاننامەکەدا جەختکراوەتەوە بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان تا گۆڕان دەگەڕێتەوە سەر ئەو "راستەڕێیەى" لەسەرى دامەزراوە.  

  

یەکێک لەو کەسانەى وازى لە بزوتنەوەکە هێناوە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، کۆڵ نادەن و بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان و هەر لەناو بزوتنەوەکەدا دەمێننەوە.