گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

لیستە شیعییەکان لەبارەى پشکى هەرێم لە بودجە ’’دوو پەیام’’ دەنێرن

2021.01.14 - 18:23
لیستە شیعییەکان لەبارەى پشکى هەرێم لە بودجە ’’دوو پەیام’’ دەنێرن

ناس کورد-

 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، لیستە شیعیەکان بە فەرمی دوو پەیامیان پێگەیاندوون، بۆ چۆنیەتی تێپەڕاندنی پشکى هەرێم لە پڕۆژەى بودجە کە پەرلەمان سەرقاڵى خوێندنەوەى دووەمە لەسەرى.

 

هۆشیار عەبدوڵا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە رایگەیاندووە، کوتلە شیعیەکان بەڕوونی دوو پەیامیان پێگەیاندوون، سەبارەت بە پشکە بودجەی هەرێم، کە بریتی بوون لە: جێگیرکردنەوەی ئەو دەقەی لە یاسای قەرزی داراییدا هاتبوو، یاخود داوای هەموو دۆسیەی نەوتی هەرێم دەکەن بە هەموو ئیلتیزامات و کێشەکانی سەری.

 

وتیشى ئەوان داوایانکردووە داتاکی وەزارەتی پلان دانان جێگیربکرێت، کە ڕێژەی هەرێم دەکاتە نزیکەی 14%، بەڵام ئایا ئەم ڕێژەی 14% ە، دەتوانێ دەستکاری پشکی هەرێم بکات، ئەمە قورسە.

 

رونیشیکردەوە "بەگوێرەی دەسەڵاتی پەرلەمان بۆ گفتووگۆکردن لەسەر بودجە، ئێمە تەنها توانای دابەزین و گواستنەوەمان هەیە، ئەم پشکە، پێویستبوو وەزیرە کوردەکان لە ئەنجومەنی وەزیران پێش ناردنی بۆ پەرلەمان، گفتووگۆیان لەسەر بکردایە".

 

هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت "ئێمە ئێستا لەهەوڵداین، لانیکەم، داتاکانی وەزارەتی پلان دانان جێگیربکەین، ئینجا کێشە کە دێتە بەردەم پشکی هەرێم، پەیوەست نیە بە 12,67، بەڵکو پەیوەستە بە داهاتی هەرێم، کە ئایا هەرێم بەچی ڕادەیەک، بەشداری لە سەلەی ئیتیحادی و زیادکردنی ئیرادی عێراق دەکات."

 

جەختیشیکردووەتەوە تا ئێستا هێچ پەیام و یاداشتێکیان لە هەرێمەوە پێنەگەیشتووە، بەڵام لێدوانی بەرپرسانی هەرێم، ئاماژەن بۆ "نەبوونی نیەت" بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق، وتی"لەناو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا، ئێمە وەکو هاوپەیمانی هیوای کوردستانی گەورەترین کوتلەین، سێ ئەنداممان هەیە، لەکاتێکدا پارتی دوو ئەندام و یەکێتی یەک ئەندامی هەیە، بۆیە چەند سیناریۆیەکمان بۆ چۆنیەتی داکۆکیکردن لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم داڕشتووە."