گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم خشتەی تاقیکردنەوەکانی بڵاوکردەوە

2021.01.14 - 16:52
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم خشتەی تاقیکردنەوەکانی بڵاوکردەوە

ناس کورد-

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان خشتەی تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵی خوێندنی بۆ سەرجەم قۆناخەکانی خوێندن بڵاوکردەوە و بەپێی خشتەکە قۆناغی 12ـی ئامادەیی تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم لە 29-3-2021 دەکات.

 

لەبارەی قۆناغەکانی یەکی بنەڕەتی تاوەکو 11ـی ئامادەیی، وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاندووە، ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام نەدرا ئەوا لە 5-6-2021 دەکرێت، بەپێچەوانەوە لە 12-6-2021 دەکرێت.

 

هاوکات بەگوێرەی خشتەکانی وەزارەتی پەروەردە، دەستپێکی تاقیکردنەوەکانی خوێندنی ئیسلامیش بەهەمانشێوەی قۆناغەکانی 1ـی بنەڕەتی تاوەکو 11ـی ئامادەیی دەبێت.

 

وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو قوتابخانە ناحکومیانەی بە سیستمی وەزارەتی پەروەردە کاردەکەن، قۆناغەکانی یەک و دووی بنەڕەتی لە 1ـ3-2021 دەست بەخوێندن دەکەن و تاوەکو رێککەوتی 1-8-2021 بەردەوام دەبن بۆ کۆتاییهێنان بە ساڵی خوێندن.

 

هاوکات، لەبارەی دەوامی پەیمانگەکان، ئەوەی خستووەتەڕوو، تاقیکردنەوەی کۆرسی یەکەمی خوێندن لە 5-6-2021 دەستپێدەکات و 16-6-2021 کۆتایی دێت، ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش لەکاتی خۆیدا کرا، ئەوا لە 12-6 دەستپێدەکات و لە 23-6 کۆتایی دێت.

 

وەزارەتی پەروەردە دەشڵێت، مامۆستایان پابەند ناکرێن بە دەوامی تەواوەتی لە کاژێر 8:00 تاوەکو 12:30، بەڵکو بەگوێرەی گوتنەوەی وانەکانیان لەنێو قوتابخانە دەبن.