گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’گروپێکى ناڕازیی’’ ناو گۆڕان خۆى راگەیاند

2021.01.14 - 16:27
’’گروپێکى ناڕازیی’’ ناو گۆڕان خۆى راگەیاند

ناس کورد-

 

ژمارەیەک هەڵسوڕاوى گۆڕان کە خۆیان وەک ناڕازییەکانى بزوتنەوەکە ناساند ناڕەزایی خۆیان بەرانبەر سیاسەتەکانى ئێستاى بزوتنەوەکە ئاشکراکرد و داواى دەستلەکارکێشانەوەى بەرپرسانى بزوتنەوەکە دەکەن.

 

ئەو کەسانە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا (پێنجشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2021) لەبەردەم مەکۆى سەرەکى گۆڕان لە گردى زەرگەتە لە سلێمانى کە پەیامنێرى "ناس کورد" ئامادەبوو رایانگەیاند "بزوتنەوەکە لەڕێبازى نەوشیروان مستەفا و ئەو بنەمایانەى کەبزوتنەوەکەى لەسەر دامەزرا لایداوە".

 

هەروەها داوایان لەبەرپرسانى گۆڕان کرد دەستلەکاربکێشنەوە و بزوتنەوەکە رادەست لیژنەیەکى کاتى بکرێت تا هەڵبژاردنى رێکخەر و سەرکردایەتى نوێ.

 

لەبەیاننامەکەدا جەختکراوەتەوە بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان تا گۆڕان دەگەڕێتەوە سەر ئەو "راستەڕێیەى" لەسەرى دامەزراوە.

 

یەکێک لەو کەسانەى وازى لە بزوتنەوەکە هێناوە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، کۆڵ نادەن و بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان و هەر لەناو بزوتنەوەکەدا دەمێننەوە.

 

تا ئێستا بزوتنەوەى گۆڕان بەفەرمى هیچ لێدوانێکى لەبارەى هەڵوێستى ئەو کەسانەوە رانەگەیاندووە.