گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’گلەیی و گازەندە’

پارتى وەڵامى لایەنەکان بۆ ’دەستپێشخەرییەکەى’ ئاشکرادەکات

2021.01.14 - 15:30
پارتى وەڵامى لایەنەکان بۆ ’دەستپێشخەرییەکەى’ ئاشکرادەکات

ناس کورد-

ئەندامێکى شاندى پارتى رایگەیاند، وەڵامى لایەنەکان بۆ دەستپێشخەرییەکەیان لەبارەى دروستکردنى کۆدەنگى و هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق "ئیجابی" بووە.

 

عەلى حسێن لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنى فەرمى حزبەکەى (14ى کانوونى دووەمى 2021) کە "ناس کورد" بینیویەتى باسى لەوەکرد، کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنەکان بۆ تاوتوێکردنى دوو پرس بووە، یەکدەنگى لایەنەکان و هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق.

 

وتیشى "هەوڵدەدەین کۆدەنگى دروستبکەین لەناو لایەنەکان، چونکە ئەوکات پێگەى ئێمە بەهێزتر دەبێت و حساب بۆ هەرێمى کوردستان دەکرێت".

 

عەلى حسێن باسى لەوەشکرد، بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق جەختیانکردووەتەوە کە لەناوچەکانى ماددەى 140 کورد پێویستى بەیەکدەنگى هەیە.

 

دەشڵێت، دەستپێشخەرییەکەیان لەو بارەیەوە بێ تێبینى و گلەیی و گازەندە نەبووە، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى لایەنەکان بە "ئیجابی" دەستپێشخەرییەکەى پارتیان وەرگرتووە.

 

عەلى حسێن ئاشکرایکرد، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنەکان بەردەوام دەبێت و سەرەتاى هەفتەى داهاتوو لەگەڵ کۆمەڵ و سۆسیالیست و لایەنەکانى دیکە کۆدەبنەوە.

 

ماوەى چەند رۆژێکە پارتى کۆبوونەوەى لەگەڵ لایەنەکان دەستیپێکردووە و لەگەڵ بەشێکى زۆر لەلایەنەکان کۆبووەتەوە، بۆ تاوتوێکردنى دۆخى هەرێم و هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق.

 

هۆشیار زێبارى، ئەندامی مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان (پێنجشەممە 7ى کانونى دووەمى 2021) لە گفتوگۆیەکى تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە، باسى لەوەکرد، لەئێستادا گفتوگۆیەک هەیە لەناو حزبە کوردیەکاندا لەسەر ئەگەرى بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوو بە هاوپەیمانێتیەکى سیاسى گەورە کە لەسەرجەم لایەن و نەتەوە و ئایینەکان پێکهاتووە.    

  

وتیشى، لەئێستادا گفتوگۆکان لەسەر کوتلە سیاسیە سونیەکانى نزیک لە حزبە کوردیەکانە، هەروەها کوتلە شیعیەکان و دواتریش پێکهێنانى هاوپەیمانێتى لەگەڵیاندا بە یەک لیستى نیشتمانى.    

  

زێبارى ئەوەشى ڕونکردووەتەوە، تائێستا گفتوگۆکان نەگەیشتونەتە کۆتایى لەو بارەیەوە، بەڵام تائێستا لێکۆڵینەوەى لێدەکرێت لەناو ناوەندە کوردستانیەکان، ئەوەى لەئێستادا پێشنیار کراوە ئەوەیە کە ئەو هاوپەیمانێتیە بە بەشدارى ئەو کوتلە کوردیانە دەبێت کە سەنگیان هەیە نەک کەسەکان، هەروەک لە هەڵبژاردنەکانى پشوو ڕویاندا.