ناس کورد-
حکومەتی عێراق لە بڕیارێکی نوێدا قەدەغەی هاتوچۆی لەگەڵ ئێران و هۆڵەندا هەڵدەوشێنێتەوە و هەڵپەساردنی هاتوچۆی لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی دیکە ڕاگەیاند.
بەگوێرەى ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، شەوی ڕابردوو دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی کە بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران بەڕێوەچوو وەک ڕێكارێك بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیادراوە بە هەڵپەساردنی گەشتەکانی ھاتن و چوون لەگەڵ وڵاتانی بەریتانیا، نەمسا، بەلجیکا، دانیمارک، فینلەندا، فەڕەنسا، جۆرجیا، ئەڵمانیا، یۆنان، ئیرلەندا، لۆکسمبۆرگ، سلۆڤاکیا، ئیسپانیا، بەڕازیل، ئەمەریکا، هیندستان، ئوستڕالیا، ژاپۆن، باشووری ئەفریقا و زامبیا.
ئەوەش دوای ئەوە دێت لە ڕابردوو حکومەتی عێراق بەپێی بڕیاری ژمارە 231 بۆ ساڵی 2020 بڕیاریدابوو بە هەڵپەساردنی گەشتەکانی ھاتن و چون لەگەڵ ھەریەک لە بەریتانیا، ئەفریقای باشوور، ئوسترالیا، دانیمارک، ھۆڵەندا، بەلجیکا، ئێران و ژاپۆن.
بەپێی ئەوەش لە ئیستادا ئەو بڕیارە هەموار کراوەتەوەو هەڵپەساردنی هاتوچۆ لەگەڵ وڵاتانی ئیران و هۆڵەندا هەڵوەشاوەتەوە و ژمارەیەک وڵاتی دیکە بۆ هەڵپەساردنی هاتن و چوون زیاد کردووە.