گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

لێدوانى وەزارەتى کارەبا لەبارەى بڵاوکردنەوەى وێنەى ئۆتۆمبێلێکى وەزارەتەکە 

2021.01.13 - 20:25
لێدوانى وەزارەتى کارەبا لەبارەى بڵاوکردنەوەى وێنەى ئۆتۆمبێلێکى وەزارەتەکە 

ناس کورد-

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر گواستنەوەی سۆپاى دار بە ئۆتۆمبێلێک کە تابلۆکەی ژمارەی وەزارەتی کارەبایە هاتە دەنگ و وتەبێژی وەزارەتی کارەباش ڕایگەیاند، ڕێکاری یاسایی لەگەڵ شۆفێرەکەی دەگیرێتە بەر.

 

ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی "ناس کورد" لەسەر بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلێکی وەزارەتی کارەبا بۆ گواستنەوەی سۆپای دار و بەدواداچوونی وێنەکە (چوارشەممە 13ی کانونی دووەمی 2021) وتی "بەدواداچوونمان کردووە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئۆتۆمبێلەکە ناسراوەتەوە کە لە فەرمانگەیەکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سۆرانە". 

 

وتیشی "بەهۆی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلەکەی وەزارەتی کارەبا، ئەو شۆفێرە ڕێککاری کارگێڕی لەگەڵدا دەگیرێتە بەر".

 

بڵاوکردنەوەی وێنەی گواستنەوەی سۆپایەکی دار بە ئۆتۆمبێلی وەزارەتی کارەبا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەو باسی زۆری بەدوادا هات یەکێک لە هاووڵاتیان وەکو بۆ وێنەکە نوسیویەتی "جا ئەوە چییە، وێستگەیەکی کارەبای لای ئێمە، چوار ئەمپێر کارەبای لە مۆلیدەکە ڕاکێشاوە و داماوانە کارەبایان نییە". 

 

حکومەتی هەرێم خاوەنی زیاتر لە 18 هەزار ئۆتۆمبێلە کە لە وەزارەت و فەرمانگەو دامەزراوەکان بەگشتی بەکاردەهێنرێن و لە ماوەی ڕابردووش بەهۆی زۆری بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی حکومی بۆ کاری تایبەت بڕیاریدا لۆگۆی حکومەتی هەرێم لە ئۆتۆمبێلەکان بدرێت و بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلەکانیشی لەدوای دەوامی فەرمی و بۆ کاری تایبەت قەدەغە کرد و داوایکرد لە پارکینگی دامودەزگاکان ڕابگیرێن.