گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تایبەت

گۆڕان ’’بڕیار’’ لەسەر بەستنى هاوپەیمانى دەدات بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو

2021.01.13 - 15:30
گۆڕان ’’بڕیار’’  لەسەر بەستنى هاوپەیمانى دەدات بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو

ناس کورد-

 

سەرپەرشتیاری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، دەرگایان کراوەیە بۆ بەستنى هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق و لەکۆبوونەوەکانى داهاتوودا بڕیارى لەبارەوە دەدەن.

 

یاسین حەمە عەلی سەرپەرشتیاری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (چوار شەممە 13ی کانونی دووەمی 2021) ڕایگەیاند "وەکو بزوتنەوەی گۆڕان دەرگای گفتوگۆمان کردووەتەوە بۆ هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵ لایەنەکان و هیچ کات دەرگای گفتوگۆ لەوبارەیەوە داناخەین".

 

وتیشى "لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو لەگەڵ لایەنەکان بڕیاری کۆتایی لەوبارەیەوە دەدەین".

 

سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، یاسین حەمە عەلی وتی "چاوەڕوانی یەکلایی بوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەین و هەرکات بڕیاری کۆتایی درا ئامادەکارییەکان دەست پێدەکەین".

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق جموجۆڵ لەلایەن بەشێک لە لایەنەکانەوە دەستیپێکردووە بۆ بەستنى هاوپەیمانى.

 

هۆشیار زێبارى، ئەندامی مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان (پێنجشەممە 7ى کانونى دووەمى 2021) لە گفتوگۆیەکى تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە، باسى لەوەکرد، لەئێستادا گفتوگۆیەک هەیە لەناو حزبە کوردیەکاندا لەسەر ئەگەرى بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوو بە هاوپەیمانێتیەکى سیاسى گەورە کە لەسەرجەم لایەن و نەتەوە و ئایینەکان پێکهاتووە.  

  

وتیشى، لەئێستادا گفتوگۆکان لەسەر کوتلە سیاسیە سونیەکانى نزیک لە حزبە کوردیەکانە، هەروەها کوتلە شیعیەکان و دواتریش پێکهێنانى هاوپەیمانێتى لەگەڵیاندا بە یەک لیستى نیشتمانى.  

  

زێبارى ئەوەشى ڕونکردووەتەوە، تائێستا گفتوگۆکان نەگەیشتونەتە کۆتایى لەو بارەیەوە، بەڵام تائێستا لێکۆڵینەوەى لێدەکرێت لەناو ناوەندە کوردستانیەکان، ئەوەى لەئێستادا پێشنیار کراوە ئەوەیە کە ئەو هاوپەیمانێتیە بە بەشدارى ئەو کوتلە کوردیانە دەبێت کە سەنگیان هەیە نەک کەسەکان، هەروەک لە هەڵبژاردنەکانى پشوو ڕویاندا.