گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’بەڵگەکان پێشکەش کران’’

کەسوکارى دوو کوژراوى خۆپیشاندانەکانى سەیدسادق سکاڵایان تۆمارکرد

2021.01.13 - 11:58
کەسوکارى دوو کوژراوى خۆپیشاندانەکانى سەیدسادق سکاڵایان تۆمارکرد

ناس کورد-

کەسوکارى دوو گەنجى کوژراوى خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییەى سەیدسادق سکاڵایان لەسەر بەرپرسانى قەزاکە تۆمارکرد.

 

جەبار مەحمود باوکى یەکێک لە گەنجە کوژراوەکان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا (13ی کانونی دووەمی 2021) کە "ناس کورد" بینیویەتى رایگەیاند، "سکاڵامان لەسەر بەرپرسى ئیدارى سەیدسادق و هێزە چەکدارەکان تۆمارکردووە و داواکارین یاسا سەروەر بێت".

 

لاى خۆیەوە عوسمان شێخ سدیق پارێزەرى خۆبەخش رایگەیاند، پشتیوانى سکاڵاى کەسوکارى ئەو گەنجانەن کە لە خۆپیشاندانەکاندا کوژران، لەسەر ئەو بەرپرسانەى هۆکار یان کەمتەرخەم بوون.

 

وتیشى، "تا کۆتایی پشتوانیان دەبین و دەستبەرداریی سکاڵاکان نابین، ئەگەر تەقەکەرەکانى خۆپیشاندانەکانى پێشوو بە سزا بگەیشتنیانە نەدەگەیشتە ئەمڕۆژە".

 

عوسمان شێخ سدیق باسى لەوەشکرد، سکاڵاکە لەهەموو ئەو بەرپرس و هێز و بەرپرسە ئیدارییانە بووە کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هۆکاربوون یان کەمتەرخەم بوون لەو رووداوانەدا، بەڵگەش هەیە و پێشکەشى دادگا کراوە و بەڵگەى دیکەش پێشکەش دەکرێن.

 

ڕۆژى (2 کانونی یەکەمی 2020) خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و ڕۆژانی دواتر خۆپیشاندان زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی گرتەوە و خۆپیشاندەران بەشێکی زۆر لە بارەگا حزبییەکانیان سوتاند.  

 

لە 7ی کانونی یەکەمی 2020، لە قەزای چەمچەماڵ یەکەم خۆپیشاندەر بەناوی ئەدهەم یەحیا لەبەردەم بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان کوژرا، دواتریش شەش خۆپیشاندەری دیکە لە دەربەندیخان، کفری، سەیدسادق و تەکیە و کادیرێکی ناوچەی پێنجوێنی پارتی لە پێنجوێن کوژران، هەروەها فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە دوکان گیانی لەدەستدا.

 

لەدوای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر کۆتایی هاتنی خۆپیشاندانەکانی کانون لە سنوری پارێزگای سلێمانی، لەسەر تەقەکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران دوو تۆمەتبار فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە.