ناس کورد-
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و تاوتویی پرسی موچە و بودجە، ڕێکخستنەوەى خزمەتگوزارییەکانی دەروازە سنورییەکان و دواین دۆخی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێد دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" کەوتووە (13ی کانونی دووەمی 2021) دەڵێت، ئەنجومەنی وەزیران پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممه بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ تاووتوێكردنی مژارەكانی خوارەوە کۆدەبێتەوە:
بۆ وەرگرتنی هەموو هەواڵ و بەپەلەکان، بچۆ کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام
- دەرەنجامی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابووری سەبارەت بە پێشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021.
- پرسی رێكخستنەوەی ئەو خزمەگوزارییانەی كه لە دەروازە سنوورییەكانی لە لایەن كەرتی تایبەتەوە پێشكەش دەكرێن.
- راپۆرتی فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەبارەت بە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا.
دوێنێ ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 تاوتوێ کرد و مەسرور بارزانیش وتی، حکومەت هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ لە پێناو ڕێکخستنەوەی داهاتەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان.
ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە و لە ڕاگەیەنراوێکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (12ی کانونی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، "گفتوگۆ دەربارەی دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی پرۆسە چاکسازی کرا."
ڕاشیگەیاند، "هەریەک لە وەزیرانی دارایی و ئابوری ئاوات شێخ جەناب و پلاندان دارا ڕەشید ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دۆخی ئێستای دارایی و ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 خستەڕوو."
ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە مەسرور بارزانی وتوویەتی، "حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ لە پێناو ڕێکخستنەوەی داهاتەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان و ڕێکخستنەوەی میلاک و دەرھێنانی ناوی ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی ناڕەوا سوودمەندبوون لە بودجە گشتی، بۆ ئەوەی ماف و شایستەی دارایی مووچەخۆری شایستە دەستەبەر بکرێت، سەرەڕای کارکردن بۆ کەمکردنەوەی ڕووتین لە ڕاییکردنی مامەڵە داراییەکان."
جەختیشی لەوە کردەوە کە "پێویستە لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 ، هەموو ئەگەرەکان لە بەرچاو بگیرێت و بودجەیەکی واقیعی و شەفاف بێت و پشت بە ژمارە و داتا و داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجی ڕاستەقینە و کورتھێنان و دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان ببەستێت کە لە دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی وەزیران، دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و ئەم بودجەیە دەبێتە هۆی برەودانی زیاتر بە شەفافیەت لە دارایی گشتی ھەرێم."
سەرۆکی حکومەت باسی لەوەشکردووە کە "هەرێمی کوردستان لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە ، بۆیە دەبێ دەسەڵاتی فیدراڵیش ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی پڕۆژە بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2021 دابین بکات."