گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فشار بۆسەر تورکیا

ڕۆژنامەیەک: دامەزراندنی مەکگۆرک لە تیمەکەی جۆبایدن ئەردۆغانی نیگەران کردووە

2021.01.12 - 22:09
ڕۆژنامەیەک: دامەزراندنی مەکگۆرک لە تیمەکەی جۆبایدن ئەردۆغانی نیگەران کردووە

ناس کورد-

ڕۆژنامەی ئەلعەرەب بڵاویکردەوە، دامەزراندنی برێت مەکگۆرک لە تیمەکەی جۆبایدن، سەرۆکی هەڵبژێرداروی ئەمەریکا وەک ڕاوێژکاری سەرۆک بۆکاروباریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا بووەتە مایەی نیگەرانی بۆ ئەردۆغان و بەرپرسانی حکومەتەکەی.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەکە کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە(12ی کانوونی دووەمی 2021)، "ئەردۆغان نیگەرانە لە دیاریکردنی مەکگۆرک وەک ڕاوێژکاریی جۆبایدن بۆ کاروباریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێیان وایە دامەزراندنی ئەو درێژەپێدانە بە سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ لە پاڵپشتیکردنی کوردانی ڕۆژئاوا لە سوریا".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، "مەکگۆرک یەکێکە لەو کەسانەی کە ناسراوە بە داکۆکیکارێکی سەرسەخت لە هێزە کوردییەکان کە ئەوەش وادەکات ببێت هۆکاری دروستبوونی فشاری زیاتر بۆسەر تورکیا لەو بارەیەوە و لە هەمانکاتیشدا ببێتە بەربەست بەرانبەر ئامانجەکانی ئەردۆغان لە خۆرهەڵاتی باکوری سوریا".

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، پێدەچێت بایدن هەمان هەنگاوەکانی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا بهاوێژێت و هەموو کارمەندانی پێشووی ئیدارەکەی ناوبراو بکاتەوە بە بەشێک لە تیمەکەی، بۆیە ئەگەری هەیە "ویندی شێرمان" کە پێشتر لە ئیدارەکەی ئۆباما لە ساڵی 2015دا پۆستی جێگری وەزیری دەرەوەی هەبووە دووبارە بکرێتەوە بە جێگری ئەنتۆنی پلینکین، وەزیری دەرەوی ئەمەریکا لەئیدارەکەی جۆبایدن".

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، "تورکیا مەترسی ئەوەی هەیە دامەزراندنی مەکگۆرک لەو پۆستەدا ببێتە هۆکاری گۆڕنکاریی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا دژ بە تورکیا و فشارەکان لەو باریەوە زیاتر بکرێن".

 

باس لەوەشکراوە کە "مەکگۆرک شارەزایەکی باشی هەیە لە دانووستانە نهێنییەکان و ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پڕچەککردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و چەند جارێکیش هەڵوێستی توندی نواندووە دژ بە تورکیا، کاتێک لە هەردوو ئیدارەکەی سەرۆکەکانی  پێشووتری ئەمەریکا جۆرج بۆش و باراک ئۆباما کاریکردووە، بە توندی سەرکۆنەی واشنتۆنی کردووە کاتێک دەستبەرداری کورد بووە و ڕێگەی بە لەشکرکێشیەکانی تورکیا داوە بۆسەر ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی کورددان لە خۆرهەڵاتی باکوری سوریا".

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەلعەرەب، "جۆبایدن دەیەوێت لەڕێگەی دامەزراندنی مەکگۆرک لەو پۆستە سیاسەتێکی توند بەرانبەر بە تورکیا بگرێتە بەر، ئەو لە کاتێکدایە کە بایدن لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بەتوندی سەرکۆنەی سیاسەتەکانی تورکیای کردبوو لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ودەریا ناوەراست و ئەردۆغانی بە "خۆسەپێنر" ناوبرد.

 

ئەوشخراوەتەڕوو، "وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن جۆبایدنەوە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا لە ساڵانی داهاتوودا دەباتە قۆناغێکی پڕگڕژیی و دڵەڕاوکێیەوە بۆ تورکیا، کە ساڵانێکی زۆرە تورکیا لە هەوڵی ئەوە دابوو ئەو گرژیانە کەمبکاتەوە بۆ ئاستێکی کەم".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، کۆمەڵێک پرس هەیە کە وادەکات سیاسەتی دیموکراتەکان لە واشنتۆن زیاتر توند بکات بەرانبەر بە تورکیا کە پێکهاتوون "لە کڕینی سیستمی بەرگریی موشەکی ڕوسی ئێس 400، خراپی ڕەوشی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە، پاڵپشتیکردنی گروپە توندڕەوەکان و تیرۆرستەکانە لە ناوچەی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست، یارمەتیدانی ئێران لە دەربازبوون لە گەمارۆکانی ئەمەریکا، جوڵە دوژمنکارییەکان ئەردۆغان دژ بە یۆنان و قوبرس و هەرەشکردن لەداخستنی بنکەی سەربازی ئەنجەرلێک بەڕووی هێزەکانی ئەمریکا."